پێشانگایەکی کتێب لە سۆران

چارەسەری دەروونییەکەی سیدۆ مۆرگان و رێی ئیسفەهانی ژیلبەر سینوێ پڕفرۆشترینی مێخەکن

964+

ئاکام غەفور – سۆران

ئەم جارە 964 لە پێشانگایەکی کتێبە لە سۆران، لەوێ پرسیارمان لە کتیب فرۆشێک و دوو خانمی خوێنەر کرد، لەبارەی پڕفرۆشترین کتێب و ئەو کتێبانەی کاریگەرییان بەجێهێشتووە دوای خوێندنەوەیان.

ئەو وەڵامانەی دەستمانکەوت ئەوانەبوون:

کتێبەکانی گەشەپێدانی مرۆیی و رۆمان لە سۆران پڕ فرۆشترینن و هەردوو کتێبی چارەسەری دەروونی و رێی ئیسفەهانیش پڕفرۆشترین کتێبی کتێبخانەی مێخەکن.

کتێبەکەی سیدۆ مۆرگان پێویستە لە هەموو ماڵێکدا هەبێت

کتێبی چارەسەری دەروونی لە نوسینی نوسەر و پسپۆڕى چارەسەرى دەروونى سیدۆ مۆرگانە، ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە کێشە دەروونیەکان و چارەسەرەکانی دەکات، هەرچەندە کتێبەکە قەبارەیەکی گەورەی هەیە، هەزار لاپەڕەیە، بەڵام خوێنەرێکی زۆری هەیە و ئەمساڵ بە تەنیا لە قەزای سۆران نزیک 200 دانەی لێ فرۆشراوە.

یەکێکی تر لە کتێبە پڕ فرۆشەکان، رۆمانی رێی ئیسفەهانە، کە باس لە ژیانی ئیبن سینا دەکات، کتێبەکە هەم مێژوویی و هەم ئاینییە،  لە نوسینی ژیلبەر سینوێی نوسەری فەرەنسییە، لە ساڵی 2023، هەزار دانەی لێ چاپ کراوە.

سۆران خالید، خاوەنی کتێبخانەی مێخەک، بە 964ـی وت، ”کتێبی چارەسەری دەروونی، یەکێکە لە پڕفرۆشترین کتێبەکان، فێرخوازانی زانکۆ لەگەڵ ئەوانەی نەخۆشیەکی دەروونیان هەیە سوودی باشیان لەو کتێبە وەرگرتووە”.

وەک ئەو کتێب فرۆشە باسی دەکات، یەکێکی تر لەو کتێبانەی پڕفرۆشترینن لای ئەوان، کتێبی رێی ئیسفەهانە، کە رۆمانێکە لە دەمی قوتابییەکی ئیبن سیناوە باسی 25 ساڵی ژیانی لەگەڵ ئەو زانا موسڵمانە دەکات، دەڵێت، یەکێکە لە کتێبە چێژ بەخشەکان بۆ خوێنەر.

دوای خوێندنەوەی کتێبی نزا قەدەر دەگۆڕێت بیر کردنەوەم بە تەواوی گۆڕا

ئاوات ئازاد، خوێنەرێکی سۆرانە، لە پێشانگاکە بینیمان و قسەی بۆ  964 کرد و وتی، کتێبی دڵخوازی من کە کاریگەری زۆری لەسەرم هەبووە، کتێبی ”نزا قەدەر دەگۆڕێت” بوو، کە لە نوسینی نوسەری تورک ئەدهەم ئەمین نێموتڵووە، کتێبەکە باس لەوە دەکات کە مرۆڤ نابێت لە ژیان بێ هیوا بێت، هەر کات بێ هیوا بووی پەنا بۆ خودا و نزا کردن ببەی.

وتیشی، “پێشتر رەنگە زۆر جار لە ژیان بێ هیوا بووبم، بەڵام لە دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە بیر کردنەوەم بە تەواوی گۆڕا”

پێشنیار دەکەم خوێنەران مەیخانەکەی ئۆرتینە بیخوێننەوە

تریسکە فەرحان، پسپۆڕی دەروونییە و نێوانی باشە لەگەڵ خوێندنەوە، دەڵێت، کتێبی مەیخانەکەی ئۆرتینەی نوسەری کورد نەبەز گۆران کە لەم کۆتاییانە خوێندومەتەوە کاریگەری زۆری لەسەرم هەبووە، باس لە عەشقی نێوان شێخی سەنعان و کچی گاور دەکات، لەوێ بۆم دەرکەوت کە بابەتەکە تەنیا عەشق نییە و پێشنیار دەکەم خوێنەران بیخوێننەوە”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لەهەر کتێب فرۆشێک دەپرسی کتێبێکی جیاواز لەلای پڕفرۆشت...

لەهەر کتێب فرۆشێک دەپرسی کتێبێکی جیاواز لەلای پڕفرۆشترینە