گۆشتفرۆشانی هەڵەبجە پابەند کران نرخ هەڵبواسن - وێنە: قایمقامیەتی هەڵەبجە
"بۆ هەرزانکردنی گۆشت"
گۆشتفرۆشانی هەڵەبجە ناچار بە هەڵواسینی نرخ کران
964+
شۆڕش قادری
ئیتر ئەوە نەما قەساب و گۆشتفرۆشانی هەڵەبجە بە کەیفی خۆیان گۆشت بفرۆشن، نرخیان بۆ دیاری کرا و دەبێ نرخەکانیش هەڵبواسن، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتیش دەڵێت، بە مەبەستی هەرزانکردنی گۆشت ئەو کارەیان کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 4.2.2025 لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە سەردانی تەواوی قەسابەکانی ناوشاریان کرد، رێنماییان پێدرا و و پێیان وترا دەبێ هەموویان نرخەکان هەڵبواسن.
“ئەو بڕیارە رکابەری لەنێوان قەساب و گۆشفرۆشەکان دروست دەکات بۆ هەرزانکردنی گۆشت و هەر بۆ ئەوەش ئەو کارەمان کردووە”، فەلاح نامیق سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە وای بە 964 وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گۆشتفرۆشەکانیان وتووە، هەر کەسێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێ و رێنمای لیژنەکان جێبەجێ نەکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.
ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا کیلۆیەک گۆشتی بەرخی خۆماڵی لە هەڵەبجە 15 بۆ 17 هەزار دینارە و گۆشتی گوێرەکەش هەر کیلۆیەکی لە نێوان 14 بۆ 16 هەزار دینار دیاریکراوە.
فەلاح نامیق لەڕێی 964ـەوە داوای لە هاوڵاتیانی هەڵەبجە کرد، لەکاتی بوونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بە قایمقامیەت و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07518028483)ـەوە بکەن.