رێگایەک بەرەو رۆما

كوردستان و ئیتالیا رێكەوتنی بازرگانی و یاداشتی لێكتێگەیشتن واژۆ دەكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، شاندێكی حكومەتی هەرێم و بازرگانان روودەكەنە رۆمای پایتەختی ئیتالیا بۆ دیدارێكی بازرگانی و ئابووری و واژۆكردنی رێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتن.

بەرگەشت ئاكرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە 964ی راگەیاند، ئامادەكاری دەكەن بۆ واژۆكردنی یاداشتی لێتێگەیشتن و رێككەوتنی بازرگانی لەگەڵ حكومەت و بازرگانانی ئیتالیا، رۆژی 9ی ئەم مانگەش شاندێكی كوردستان دەچێتە رۆما.

وتیشی، دیدارێكی كوردی – ئیتالی لە رۆما بۆ ماوەی دوو رۆژ بەڕێوەدەچێت و شاندی كوردستان پێكدێت لە سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و وەزیری كشتوكاڵ، لەگەڵ 25 بازرگان و وەبەرهێنەری شارەكانی كوردستان لە كفرییەوە تا زاخۆ.

ساڵی 2024 زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەولێر وەرگیراوە

ساڵی 2024 زۆرترین مۆڵەتی وەبەرهێنان لە هەولێر وەرگیراوە

“دەستەی وەبەرهێنان دەیەوێت رێژە و ئاستی وەربەهێنانی ئیتالییەكان لە كوردستان زیاتر بكات، هەروەك چۆن كوردستان و ئیتالیا لە رووی سیاسی و سەربازییەوە پەیوەندییەكی بەهێزیان هەیە، دەمانەوێت لە رووی ئابووری و بازرگانیشەوە پەیوەندییەكان بەهێزتر و فراوانتر بكرێت”، بەرگەشت ئاكرەیی وای وت.

هەروەها ئاشكرای كرد، دوای دیدارەكەی رۆما، كوردستان پێشوازی لە نزیكەی 30 وەبەرهێنەر و بازرگانی ئیتالیا و شاندێكی حكومەتی ئەو وڵاتە دەكات لە هەولێر و یاداشتی لێتێگەیشتن لە نێوان حكومەتی كوردستان و حكومەتی ئیتالیا واژۆ دەكرێت بۆ پەرەپێدانی ئابووری، هەروەها رێككەوتنی بازرگانییش لە نێوان كۆمپانیاكانی كوردستان و ئیتالیا لە چەند بوارێكدا واژۆ دەكرێت.

ئاكرەیی ئەوەشی ئاشكرا كرد، ئامانجی دەستەی وەبەرهێنانی كوردستان ئەوەیە،  ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیاكانی ئیتالیا لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن و لەگەڵ بازرگانانی كوردستان پەیوەندیی ئابووری دروست بكەن.

دەستەی وەبەرهێنان: قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین ...

دەستەی وەبەرهێنان: قیستی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەکەین بە دینار