کاتی دەنگدانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر هەمواری یاسای بودجە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
"دەستخۆشی بۆ ئەوانەی هاوکار بوون"
مەسرور بارزانی: هیوادارین پەسەندکردنی هەمواری بودجە ببێتە چارەسەر بۆ موچە
964+
ژووری هەواڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران لە سەر هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەن و پێشوازی لێدەکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی دەکات، دەستبەجێ کار بە یاسا هەموارکراوەکە بکەن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت “دەنگدان بە هەمواری یاسای بودجە، رەنگدانەوەی بەرقەراربوونی سیاسی و هەماهەنگی باڵای نێوان حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانە بۆ کاری پێکەوەیی”.
سودانی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی دەکات، دەستبەجێ کار بە یاسا هەموارکراوەکە بکەن، “لەپێناو باشترین وەبەرهێنان لە سامانە سروشتییەکاندا و بەتایبەتی لە نەوتدا”.
هاوکات، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “دەستخۆشی لە هەموو ئەوانە دەکەین هاوکاربوون لە سەرخستنی هەموارکردنەکە، هەروەها سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمیش دەکەین بۆ کارکردن لەپێناو دانانی میکانیزمی چارەسەرکردنی کێشەی موچە.”
راشیگەیاند، هیوادارین ئەم هەنگاوە ئەرێنییەی هەموارکردنی یاسای بودجە، ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی دیکە و پابەندبوونی حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، بە ئامادەبوونی 176 پەرلەمانتار هەموارى یاسای بودجەی عێراقی پەسەندکرد.