بەشێک لە کارمەندانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە ئەرکدا
تۆماری بایۆمەتری ئاشكرا كرا
عێراق ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن دەكات و هێشتا وادەكەشی دیار نییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆميسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە رێژەی تۆماری بایۆمەتری و دابەشکردنی کارتی بەسەر دەنگدەران لە بنکەکانی هەڵبژاردن ئاشكرا كرد.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: “رێژەی تۆماری بایۆمەتری گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن و 798 هەزار و 790 كەس لە کۆی 28 ملیۆن و 79 هەزار و 889 كەس لەوانەی مافی دەنگدانیان دەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە 8 ملیۆن و 281 هەزار و 99 كەسن، كە تۆمارەكەیان بۆ نەكراوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “بەرزترین رێژەی تۆمارکردن لە پارێزگاکان لە پارێزگای دیالە تۆمارکراوە، کە ژمارەی ناونووسکراوەكان گەیشتووەتە 81%، کەمترین رێژەیش لە بەغدا – رەسافە بووە بە رێژەی 61%”.
وتەبێژی كۆمیسیۆن ئەوەشی ئاشكرا كردووە، دابەشکردنی کارتی دەنگدەران تا 30.1.2025، 19 ملیۆن و 52 هەزار و 963 کارتی دەنگدەران بووە.
لە بەرامبەردا کارتی دابەشنەکراو 967 هەزار و 768 بووە، کە لە هەزار و 79 ناوەندی تۆمارکردندا ئامادەن.
جومانە غەلای ئەوەشی روونكردووەتەوە، “بەرزترین رێژەی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە پارێزگاکانی دیالە و میسان و نەینەوا بووە، کە نزیکەی 98% بووە”.
بڕیارە ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بكرێت، بەڵام هێشتا كاتەكەی دیاری نەكراوە.
پێشتر جومانە غەلای بە 964ی راگەیاندبوو، بە پێی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018ی هەمواركراو، پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە لای كەمەوە پێش 45 رۆژ لە كۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی ئەم خولەی ئەنجام بدرێت.
ئەوەشی وتبوو، ئەو ماوەیە كورتترین ماوەیە و لەوە كەمتر نابێت هەڵبژاردن نەیەتە ئەنجامدان، بە دیاریكراویش تا پێش 25.11.2025 دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وادەیەك دیاریی بكەن.