لۆگۆى ئیدارەی خۆسەرى دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا
"لەجیاتى کۆبوونەوە کۆنگرەى نیشتمانى"
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر رەخنە لە دانانى ئەحمەد شەرع دەگرێت و بە نایاسایى ناوى دەبات
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، رەخنە لە کۆبوونەوەى رۆژى چوارشەممە دەگرێت بۆ دەستنیشانکردنى ئەحمەد شەرع بە سەرۆک کۆمارى سوریا و دەڵێت: لە جیاتى کۆنگرەیەکى نیشتمانى کە پێویست بوو هەموو پێکهاتەکانى سوریا بەشدارى تێدا بکەن، کۆبوونەوەیەک کراوە کە کەسانێکى تێدا بووە دەستیان هەبووە لە تیرۆر و کوشتنى خەڵکى سوریا.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەنراوێکدا بڵاوى کردووەتەوە، دواى رووخانى رژێمى ئەسەد کە سەرکەوتن بۆ هەموو سورییەکان، لە کاتێکدا گەلى سوریا چاوەڕێى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى تۆکمەى نیشتمانى بوون، بۆ ئامادەکاری و داڕشتنی دەستورێکى گشتگیر و هەڵبژاردن و پەرلەمان و سەرۆکایەتى، بەڵام بە پێچەوانەى ئەمەوە دەسەڵاتى دیمەشق کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى لەگەڵ گروپە سورییەکان ئەنجامدا و چەند بڕیارێکى دەرکرد.
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر، وێڕاى رەخنەگرتن لەو کۆبوونەوەیە، پێیان وایە دەبوو لە جیاتى کۆبوونەوەکە بڕیارەکان لە کۆنگرەیەکى نیشتمانیدا بدرانایە کە نوێنەرایەتى هەموو پێکهاتەکانى سوریاى لەخۆگرتبا، لە ناویاندا ژنان و گەنجان.
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر لە راگەیەنراوەکەیاندا وێڕاى ئەوەى رەخنەیان لە کۆبوونەوەکە هەیە، لەوە توندتر رەخنە لە هەندێ ئامادەبووى ناو کۆبوونەوەکە دەگرن و دەڵێن، هەندێ لە کەسایەتییەکانى کۆبوونەوەکە لە لیستى تیرۆردان و دەستیان لە خوێنى سورییەکان بەخوێنە، لەوانە ناوى ئەحمەد ئیحسان فەیاز هایسیان هێناوە کە هەڤرین خەڵەفى “تیرۆر” کردووە.
یەکێکى تر لەوکەسایەتیانەى لە کۆبوونەوەکەدا بووە و بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر رەخنەى توندى لێ هەیە، محەمەد جاسمە کە بە ئەبوو عەمشە ناسراوە و خۆسەر پێى دەڵێت، چەندین تاوانى دژى گەلى سوریا ئەنجامداوە بەتایبەت لە عەفرین.
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر کە دەسەڵاتى رۆژئاواى کوردستانى لەدەستە و تائێستا ناکۆکى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى نوێى سوریا هەیە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆبوونەوەیەکى لەو شێوەیە نایاساییە و پێیان وایە ئەم هەنگاوانە، لەگەڵ ئەو هیوایانە نایەنەوە کە پێکهاتەکانى سوریا خەباتى بۆ دەکەن.