ئەو نیشانەیەی لەسەر تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیمون دەردەکەوێت _ وێنە: ئاژانسەکان
"مەترسی بڵاوبوونەوەی كەمە"
سێیەم تووشبووی ئاوڵەی مەیمون لە بەریتانیا راگەیاندرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئاژانسی تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا، دۆزینەوەی سێیەم حاڵەتی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمونی لە بەریتانیا لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا راگەیاند.
بەمەش کۆی گشتی ژمارەی تووشبووان لە شانشینی یەکگرتوو بۆ هەشت کەس بەرز بووەتەوە، دوای ئەوەی دوو تووشبووی دیكە لە رۆژانی 20 و 27ی مانگی رابردوو تۆمار كران.
لە راگەیەندراوێكی دەزگەکەدا هاتووە: “حاڵەتێکی دیکەی نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون جۆری Ib لە ئینگلتەرا دۆزراوەتەوە و ئەمەش هەشتەمین حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تووشبوون بەو نەخۆشییەیە لەو وڵاتە لەوەتەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024ـەوە”.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، “تووشبووەكە لە لەندەن دۆزراوەتەوە، هەروەها پەیوەندی بە هاوڵاتییەکەوە هەیە کە لە ئۆگەنداوە گەڕاوەتەوە، بەپێی راپۆرتەکانی UKHSAیش بێت، مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە ناو هاوڵاتیاندا کەمبووەتەوە و هیچ پەیوەندییەکیش لە نێوان ئەم حاڵەتە نوێیەی تۆماركراوە، لەگەڵ حەوت حاڵەتەكەی پێشوودا نییە”.
تەندروستیی عێراق: هیچ تووشبوویەكی ئاوڵەی مەیمون تۆمار نەكراوە
لە مانگی ئابی ساڵی 2024، ئاژانسی تەندروستیی بەریتانیا بڵاویکردەوە، دەسەڵاتداران ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەگەری سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی ئاوڵەی مەیموون لە وڵاتەکەدا.
پێشتر تیدرۆس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەی لە ئەفریقای وەک حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستیی گشتی و نیگەرانی نێودەوڵەتی راگەیاند.
ئاوڵەی مەیموون نەخۆشییەکی دەگمەنی ڤایرۆسییە و دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ ئەو کەسانەی کە سیستمی بەرگریی لەشیان لاوازە، هەوکردنەکە لەگەڵ تا و ژەهراویبوون و ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، هەروەها پەڵەی لەسەر پێست دەردەكەوێت، دواتر دەگۆڕێت بۆ ئاوڵە و چەند نیشانەیەكی دیكەشی دەبێت.