دەنگ بە هەموارەکە دەدرێ؟

پەڕلەمانی عێراق بۆ چوار تەوەر کۆدەبێتەوە یەکێکیان بودجەیە

964+
ئەحمەد مستەفا

فەرمانگەی راگەیاندنی پەڕلەمانی عێراق، رۆژی 2.2.2025 کۆدەبێتەوە و چوار بەرنامەی کاری هەیە، کە یەکێکیان دەنگدانە لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری بودجە، کە بۆ رێکخستنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماددەی 12 دەستکاری کراوە.

بەپێی هەموارەکە، بڕی 16 دۆلار، بۆ هەر بەرمیلێک نەوت وەک سلفە دەدرێتە هەرێمی کوردستان، بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیایەکی پسپۆر “کە لەماوەی 60 رۆژ دەستنیشاندەکرێت بە رێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا” خەملاندنێکی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ تێچووی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.

بەپێی یاسای بودجەی فیدڕاڵی، هەرێمی کوردستان دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردە بکات یان لەرێگەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت.

پەرلەمانی عێراق لە نوسراوێكدا ئاماژەی بەوە كردوە، رۆژی یەکشەممە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان بەڕێوەدەچیت و یەکێک لە بڕگەکانیشی، دەنگدانە بە هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بۆ ساڵانی 2023-2024-2025.

بڕیاربوو هەفتەی رابردوو هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2025 دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام لە پەرلەمان بەهۆی ناکۆکی بەشێک لەلایەنەکان لەسەر برگەی تەرخانکراوی دارایی بۆ تێجووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێم، دانیشتنەکەیان بەجێهێشت، بەڵام لە دواین کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان، وتراوە، کۆدەنگی دروست بووە لەسەر تێپەڕاندنی هەموارەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

حکومەت بودجەی ساڵی 2025ی بۆ پەڕلەمانی عێراق ناردەوە

حکومەت بودجەی ساڵی 2025ی بۆ پەڕلەمانی عێراق ناردەوە