لە سنووری کەرکوک روویدا
بوومەلەرزە بەرۆکی گەرمیان بەرنادا
964+
توانا نەقی
کەمێک پێش ئێستا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە نێوان کەرکوک و قەزای بێجی روویداوە و هەستی پێکراوە.
چەند رۆژێکە زنجیرەیەک بومەلەرزە لە ناوچەکانی گەرمیان و سنووری ئێران روویانداوە بە پلەی جیاواز و ئەمڕۆش لە نێوان کەرکوک و بێجی روویداوە.
سیروان ساڵح شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، بومەلەرزەکە چەقەکەی جەبەل خوباز بووە و گوڕەکەشی 4.2 بووە و بە دیاری کراوی کاتژمێر 11:39 دەوە روویداوە.
وتیشی، پلێتی عەرەبی لە ناخی ناخەوە و بە قوڵایەکی زۆر جوڵاوە ئەوەش فشاری توند دەکاتە سەر پلێتی زاگرۆس لە سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران لە دەریاچەی ئورمیەوە تاوەکو کەنداو مەترسی روودانی بومەلەرزەی پلە کاولکاری هەیە.
دەشڵێت، ئەوەی لە کەرکوک روویداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی چەند کاتژمێری هەیە بزانن ئەگەری دووبارە بوونەوەی هەیە یاخود نا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بومەلەرزەکە لەسەر پلێتی عەربی بووە و جوڵاوە هەروەها بە قوڵایی 493 کیلۆمەتر ژێر زەوی بووە و دووریەکشی لە کەلارەوە 144 کیلۆمەتر بووە.