پێشانگەی نێودەوڵەتی بەغدا _ وێنە: SABAH Newspaper
حەوت رۆژ بەردەوام دەبێ
پێشانگەی بەغدا؛ هەزار کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی کۆدەکاتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
رۆژی شەممەی داهاتوو وەزارەتی بازرگانی عێراق، 48مین پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدا دەکاتەوە، هەزار کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەشداری تێدا دەکەن، ئەو پێشانگە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی بەغدا، وەک پایتەختی گەشتیاری عەرەبی 2025.
چالاکییەکانی پێشانگەکە لە رۆژی 1.2.2025 بۆ 7.2.2025 بەردەوامدەبێ، رۆژانە لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی بۆ 9:00ی شەو نوێنەری کۆمپانیاکان لەوێ دەبن، کە بەرهەمەکانی بیناسازی و گەشەپێدان نمایش دەکەن، وە دەرفەتی وەبەرهێنان دەرەخسێنن.
ئەو کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیانەی کە لە گۆڕەپانی پێشانگاکەدا ئامادە دەبن، 1000 کۆمپانیا دەبن، کە هەندێکیان پێشتر هیچ کاتێک بەشدارییان لە پێشانگاکەدا نەکردووە، وەک کۆمپانیاکانی تونس، روسیا و لوبنان، هەروەها دوو گەورەترین کۆشکی ناو پێشانگاکەن وەک ئەندامی فەخری، تایبەت دەبێت بە سعودیە و عومان.
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پێشانگا و خزمەتگوزاری بازرگانی وەزارەتەکە، مستەفا نزار ئەلعانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، پێشانگاکە، کە لەژێر دروشمی (گەشەپێدان و وەبەرهێنان و خۆشگوزەرانی) بەڕێوەدەچێت، 20 وڵات بەشداری تێدا دەکەن، هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی چالاکییەکانی بەغدای پایتەختی گەشتیاری عەرەبی 2025، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
پێشانگاکە چەندین چالاکی لەخۆدەگرێت، لەوانە سیمینار و دیدارە نێودەوڵەتییەکانی نێوان عێراق و ئوردن و وڵاتانی دیکە، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای پێشانگا و خزمەتگوزاری بازرگانی وەزارەت باسی لەوەکردوەە، ئەوە روداوێکی ئابووری گەورەیە، عێراق شایەتحاڵی گۆڕانکارییە ئابوورییە گەورەکان دەبێت لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەت، کە ئامانجی راکێشانی ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیایە.