"پشتوانی داواکاریەکانیانین"

پارێزگاری سلێمانی چووە ناو خێمەی مانگرتووانەوە 

964+

توانا نەقی

مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی خێمەیان هەڵداوە بەم شەوەش پارێزگاری سلێمانی سەردانی کردن و لە خێمەکەدا لەگەڵیان دنیشت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، ئەمشەو سەردانی مامۆستایانی مانگرتووی کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ داوا رەواکانیان دووپاتکردووەتەوە.

دەشڵێت، داوایان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ و پەرلەمانی کوردستان و هەردوو حکومەتی فیدراڵیی و هەرێمی کوردستان و هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرد، کێشەی موچە و بوجەو  شایستە داراییەکان لە سەر بنەمای دەستوور و دوا بڕیاری دادگای فیدراڵیی چارەسەر بکەن.

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “داوامان لە هەموو موچەخۆرانکرد پشتیوانیی مانگرتووە جوامێرەکان بکەن و پۆلەکانی خوێندن و شوێنی کارەکانیان پەکنەخەن، بۆ ئەوەی نەوەیەکی هۆشیار و تیوار و خزمەتگوزاری دادگەر بۆ ئێستاو ئایندەی وڵاتەکەمان و بۆ جێگرەوەی ئەوانەی ئەم دۆخەیان بەسەر هەمووماندا هێناوە پەروەردە بکەن”.