شەوان هێند تاریکن غیرەتی دەوێ لێیان نزیک ببیتەوە
هاوڵاتییەک خۆبەخشانە گۆڕستانەکانی خورماتوو رووناک دەکاتەوە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
گوڕستانەکانی خورماتوو بێ خزمەت ماونەتەوە و لە شەواندا هێند تاریکن کە کەم کەس غیرەت دەکا بەناویاندا تێپەڕ ببێ، بۆیە هاوڵاتییەک خۆبەخشانە ژمارەیک بلاجکتۆری دابین کردووە و بەشێکیان رووناک دەکاتەوە.
هێمن نەجم سەرپەرشتیاری گۆڕستانەکانی خورماتوو و شۆفێری ئەمبوڵانسی گواستنەوەی تەرم بە 964ـی وت، “هاوڵاتییەک پەیوەندی پێوە کردووین و ئامادەیی دەربڕێوە لەسەر ئەرکی خۆی بەشێک لە گۆڕستانەکان رووناک بکاتەوە”.
وتیشی، چەند بلاجکتۆرێکی پێداون و ژمارەیەکیان لەناو گۆڕستانی ئیمام حەسەن داناوە، لە چەند رۆژی داهاتووشدا ژمارەیەکی تر دادەنێن.
“ئەو هاوڵاتییە نایەوێ ناوی ئاشکرا بکەین و دەڵێت، کارەکەی تەنیا لەبەر رەزامەندی خودایە”، هێمن نەجم وای وت.
باسی لەوەشکرد، جاری واهەبووە لەکاتی بەخاکسپاردنی مردوو، تەنها بلاجکتۆرێکی دەستیان پێبووە و زۆرجار تووشی گرفت بوونەتەوە، تائێستاش لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەنگاوێکی لەو بوارەدا نەناوە.
هێمن نەجم وتیشی، لە خورماتوو پێنج گۆڕستان هەن و هەمووشیان بێ خزمەت ماونەتەوە و پشتگوێ خراون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری