دواى بڵاوکردنەوەى ڤیدیۆیەک

964 قەرەباڵغیى فەرمانگەى کارتى نیشتمانى خورماتووى نەهێشت

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

نزیکەی دوو مانگ دەبوو فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی خورماتوو جمەی دەهات لە هاوڵاتیان و چەندان کاتژمێر لە سەرەی نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی دەوەستان و بەشێکیان بێ ئەوەی مامەڵەکانیان رایی بکرێت، دەگەڕانە ماڵەوە، بەڵام دواى ئەوەى 964 هەواڵێکى لەسەر ئەو کێشەیە بڵاوکردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان هاتنە سەرخەت و ماوەى سێ رۆژە هیچ قەرەباڵغییەک لە نێو فەرمانگەکەدا نەماوە و هاوڵاتیانیش بە نیو کاتژمێر مامەڵەکانیان رایى دەکرێن.

کەریم محەمەد، هاوڵاتییەکى دانیشتووى خورماتووە و ماوەى مانگێکە هەفتانە سەردانى فەرمانگەى کارتى نیشتمانى خورماتوو دەکات، بەڵام وەک ئەوەى بۆ 964 قسەى کرد، بەهۆى قەرەباڵغییەوە لەو مانگەدا کارەکانى بۆ نەکراوە و بە دەستى بەتاڵە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە.

وتیشى،”دوێنێ بەبێ کێشە و قەرەباڵغى و بە نیو کاتژمێر کارەکانم بۆ رایى کران”.

لاى خۆیەوە، سەرمەد قەمبەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی خورماتوو بە 964ـی وت،”دوای نزیکەی دوو مانگ لە قەرەباڵغی و لۆد لەسەر فەرمانگەکەمان دواجار بە بڕیارێکی کتۆپڕی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی قەزاکەی کرد بە سیستمی ئەلیکترۆنی و ئیتر هاوڵاتیان بێسەرەگرتن مامەڵەکانیان رایدەکرێت”.

فەرمانگەى کارتى نیشتمانى خورماتوو، پێشتر هەر گەڕەک و رۆژێکیان بۆ تەرخان کردبوو بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، بەڵام ئێستا ئەوە نەماوەو لەرێگەی ئەلیکترۆنییەوە، هاوڵاتی ناوی خۆی تۆماردەکات لەرۆژی دیاریکرداوی خۆیدا مامەڵەکەی بۆتەواو دەکرێت.

رۆژى 8.1.2025، 964 ڤیدیۆیەکى نێو فەرمانگەکەى بڵاوکردەوە کە تێیدا قەرەباڵغییەکى زۆر لە نێو فەرمانگەکەدا بوو، هاوڵاتیان گلەییان دەکرد کە مامەڵەکانیان رایى ناکرێن، بەڵام دواى بینینى ڤیدیۆکە بەرپرسانى بەڕێوەبەرایەتیى کارتى نیشتمانى بەغداى هێنایە سەرخەت و دواى لێکۆڵینەوەى چڕ، سەرجەم کارمەندانى نێو فەرمانگەکەى سزادا.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

بە ئەلیکترۆنیکردنى فۆڕمى خۆراک کارتى نیشتمانى خورماتو...

بە ئەلیکترۆنیکردنى فۆڕمى خۆراک کارتى نیشتمانى خورماتووى قەرەباڵغ کردووە