بەشێکی سۆرانی بێ ئاو کرد
شاخێك لە گەلی عەلی بەگ داڕما
964+
ئاکام غەفور – سۆران
درەنگانی شەوی رابردوو شاخێک لە گەلی عەلی بەگ داڕما و بەهۆیەوە بۆری سەرەکی ئاوی سۆران شکا و بەشێک لە گەڕەکەکانی بێ ئاو بوون.
سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوەی دانیشتووانی سۆران، ئاوی بێخاڵە کە بە دوو بۆری 16 ئینچی لە سەیرانگای بێخاڵەوە ئاو دەگەینێت بە %70ـی گەڕەکەکانی سۆران.
سەنار رۆستایی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، بە 964ـی وت،”دوای ئەوەی ئاگادار کراینەوە کە شاخ لە گەلی عەلی بەگ داڕماوە و بۆری ئاوی سۆران شکاوە، تیمەکانمان هاتن بۆ چاککردنەوەی بۆرییە شکاوەکە و ئەمڕۆ چاک دەکرێتەوە”.
وتیشی، لەو دوو بۆریەی کە لە بێخاڵەوە ئاو دەگەینن بە سۆران، یەکێکیان شکاوە و لە دوێنێ شەوەوە گرفتی کەمی ئاو دروست بووە لە سۆران، ئەگەر ئەمڕۆ چاک نەکرێتەوە، گرفتەکە زیاتر دەبێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سۆران، کە پێشتر بە 964ـی داوە، لە سەنتەری قەزای سۆران 250 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری