دیمەنێک لە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوە لە یەکێک لە ناوەندەکانی خوێندن لە سلێمانی _ وێنە: ئەرشیفی 964
پێنج هەزار مامۆستا و سەرپەرشتیارن
چاودێری تاقیكردنەوە وەزارییەکان شایستە داراییەكانیان پێنەدراوە
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
نزیكەی شەش مانگ بەسەر تاقیكردنەوە وەزارییەکانی هەردوو قۆناغی ئامادەیی و بنەڕەتی ساڵی 2024 تێپەڕیوە، بەڵام مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەو بڕە پارەیەی بڕیاربوو پێیان بدرێت بۆ چاودێریكردنی تاقیكردنەوەكان تائێستا وەریان نەگرتووە و جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانكەكان، دابەشكردنی دواكەوتووە.
ساڵانە ئارەزوومەندانە و بە شێوازی فۆڕم، پەروەردەی شارەكان مامۆستایان رادەسپێرن، بۆ ئامادەبوون و چاودێریكردنی تاقیكردنەوە ئەزموونییەكانی هەردوو قۆناغەكانی ئامادەیی و بنەڕەتی، لە بەرامبەریشدا بۆ چاودێریكردنی هەر وانەیەك بڕی 12 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
گەشاو محەمەد، مامۆستای چاودێر لە تاقیكردنەوە ئەزموونییەكان بە 964ـی وت، تائێستا هیچ بڕە پارەیەكمان لەبری چاودێریكردنی تاقیكردنەوەكانی ساڵی 2024 وەرنەگرتووە و تەنیا دوای تاقیكردنەوەكان سوپاس و پێزانینێكمان بۆ كراوە، بڕیار وابوو لەبری ئەو حەوت رۆژەی كە چاودێربوین بەسەر قوتابیان، بڕی 84 هەزار دینارمان پێبدرێت، بەڵام تا ئێستا چارەنوسی نییە و دیاریش نییە كەی پێمان دەدرێت.
عومەر محەمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانكەكان، تائێستا ئەو بڕە پارەیە نەدراوە بە مامۆستایانی چاودێری تاقیكردنەوە ئەزموونییەكانی ساڵی پار، وە ناشزانین كەی پێیان دەدرێت.
وتیشی، پێویستە رۆژی تاقیكردنەوەكان هەر لەناو هۆڵەكە، یان هەرنا مانگێك دوای تاقیكردنەوەكان ئەو بڕە پارەیە بە مامۆستایانی چاودێر بدرێت، بەڵام ئەوە زیاتر لە چوار ساڵە ئەو گرفتەمان هەیەو چارەسەر نەكراوە، رەزامەندی وەزارەتی دارایی وەرگیراوە بۆ پارەكە، لای خۆشمان لیستمان پڕكردوەتەوە و نێردراوە بۆ خەزێنە، بەڵام بە هۆی كەمی نەختینە لە بانكەكان پارەكە سەرف ناكرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش