“شیری هاورده‌ و مریشكی به‌ستوو مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ژیانتان”

ئاودێر عومەر – سلێمانی
 لە لایەن کۆمەڵەی کێڵگە پەله‌وه‌رییەکان لە ژووری بازرگانیی سلێمانی خەڵاتی رێزلێنان بە چەند خاوەن رێستۆرانتێک بەخشرا بەهۆی بەکارهێنانی مریشكی زیندوو،هەروەها باس لە مەترسییەکانی شیری هاورده‌ و گۆشتی بەستوو کرا.

ئەمڕۆ 6ـی شوبات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سلێمانی، باس لە مەترسی چەند خۆراکێکی هاوردەکرا، کە بەشێکیان هەڵگری نەخۆشی شێرپه‌نجه‌ن.

نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیوادارین پشتگیری لە بەرهەمی خۆماڵی بکەن، ئەوەی حکومەت لە چەند ساڵی رابردوو نەیکردووە، ئێمە کردوومانە.

وتیشی، بەردەوام لە زەرەرداین، ئێستا مریشکێک لەسەر ئێمە سێ هەزار و 500 دینار دەکەوێت، بەڵام بە هەزار و 900 دینار دەیفرۆشین، بۆیە ئێمە ئاسایشی خۆراکی ئەم هەرێمەین، گەورەترین کەرتیشین، کە پێشکەوتنێکی باشی بە خۆیەوە بینیوە.

نازم عەبدوڵڵا دەڵێت، زیاتر لە 40 ملیار دۆلار خراوەتە پرۆژەكانی په‌له‌وه‌رییه‌وە، زیاتر لە 400 هەزار هەلی کار لەم کەرتەدا رەخساوە، ناکرێت حکومەت ئاوا کەمتەرخەم بێت و مریشکی بەستوو بەو رێژە زۆرە بخاتە بازاڕەوە.

“ساڵانە بەپێی خواستی تاك بۆ هەر هاوڵاتییەک 24 کیلۆ گۆشتی سپی دانراوە، واتا 60 هەزار تەنی ساڵانە، حکومەت هاوکارمان بێت دەتوانین 200 هەزار تەن ئامادەبکەین و هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقی بکەین”، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، وای وت.

عوسمان جەمال، مامۆستای زانکۆ لە بەشی ڤێرتێرنەری وتی، ئەو بەرهەمانەی کە لە دەره‌وە هاوردە دەکرێن، وەک مریشکی بەستوو و شیرەمەنییەکان بە رێژەی لە سەدا 70 هۆکاری توشبوونن بە شێرپەنجە.

دەشڵێت، هەموو بەرهەمەکانی گۆشتی بەستوو، شیرەمەنییەکان، بە پێی پشکنینی ئێمە لە تاقیگە مادەی شێرپه‌نجه‌یان پێوەیە، بۆیە لە هەر شوێنیک شیرێکی سرووشتی لادێتان بینی، بیخۆنەوە و ئەگەر “حومه‌ی ماڵتا”ـیشی پێوە بێت لە لە قوتووکراوەکە باشترە”.