"پەسەندکردنی یاساکە شەرمەزارییە"
لە سلێمانییەوە یاسای باری کەسی عێراق رەتدەکرێتەوە
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
گروپی هاوپەیمانی 188 دژی پەسەندکردن و هەمواری یاسای باری کەسی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.
پەرێز سابیر چالاکوان بە 964ـی وت، “یاسای باری کەسی پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ و منداڵ و خێزانە و ئەو یاسایەی دوێنێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند کرا، پەڵەیەکی رەشە لەسەر ئەو کابینەیە”.
وتیشی، “ئەو یاسایە پێمان دەڵێت کچێکی تەمەن نۆ ساڵ دەتوانێت پڕۆسەی هاوسەرگیری پێکبهێنێت، لێرەوە پێیان دەڵێن، بەخۆیاندا بچنەوە و منداڵێکی تەمەن بچوک هەرگیز ناتوانێت سێکس بکات و منداڵ دروست بکات”.
ژمارەیەکی تر لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە رایانگەیاند، “پەسەندکردنی یاساکە شەرمەزارییە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوەی دوێنێ روویدا لە هیچ شوێنێکی جیهان رووینەداوە”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، یاساکە مەترسیدارە و خێزان و کۆمەڵگای عێراقی هەڵدەوەشێنێتەوە.
رۆژی سێشەممە 21.2.2025 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و دانیشتنەکە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەی کرێی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنە راستەقینەکانیان، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی و لە دانیشتنەکەدا هەر سێ یاساکە پەسەند کران.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری