گرافیک: 964+
چى دەڵێت؟
زێڕ چاوى لە دەمى ترەمپە
964+
وریا فەتاح
بەهاى زێڕ پەیوەندى راستەوخۆى بە رووداوە سیاسییەکانى جیهانەوە هەیە، ئەمڕۆ کە سەرۆکى کاریگەرترین وڵاتى دنیا دەستبەکار دەبێت، کاریگەرى لەسەر بەهاى زێڕ جێدەهێڵێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، یەک ئۆنسەى زێڕ بە 2702 دۆلار مامەڵەى پێوە دەکرێت، بەرمەبناى ئەو نرخە، سەندیکاى زێڕنگەرانى هەولێر، بۆ ئەمڕۆ نرخى زێڕى بەم شێوەیە لە بازاڕدا دیارى کردووە:
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 657 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 603 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 575 هەزار دینارە.
نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 493 هەزار دینارە
بە وتەى هەندرێن وەرتى، سەرۆکى سەندیکاى زێڕنگەرانى هەولێر کە بۆ 964 قسەى کردووە، دەستبەکاربوونى ترەمپ کاریگەرى لەسەر نرخى زێڕ دروست دەکات، وەک ئەوەى دەڵێت، ئەگەر بە زمانى ئاشتەوایى و کۆتایىهێنان بێت بەشەڕ، ئەوا نرخى زێڕ دادەبەزێت، ئەگەریش بە زمانى شەڕ و درێژەدان بێت بەو شەڕانەى هەن، نرخى زێڕ بەرز دەبێتەوە.
روونیشى کردەوە، بەشێکى زۆرى گۆڕانکارى لە نرخى زێڕ پەیوەستە بەوەى ئەمڕۆ ترەمپ چى دەڵێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوەکانى جیهان دەکات.
هەروەک پێشى وایە، سودى بانکى و بەرزبوونەوەى دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەشێکى دیکەى کاریگەرە نەرێنییەکانى سەر بەهاى زێڕن، چونکە بازرگانانى زێڕ دەڵێن، بۆچى دراوێکى بیتکۆین سەروو 100 هەزار دۆلار دەکات، بەڵام ئۆنسەیەک زێڕ نەکات بە 3 هەزار دۆلار.