بۆ ماستەر و دکتۆرا

13 زەمالەى خوێندن لە تورکیا راگەیەندرا

964+

وریا فەتاح

وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت؛ تورکیا 13 زەمالەى خوێندنى پێشکەش بە فێرخوازانى ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمى کوردستان کردووە، حەوت مەرجیش کراوە بە پێوەرى پێشکەشکردن.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ یەكشەممە 19.1.2025 لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، لە ئەنجامى سەردانى وەزیرى خوێندنى باڵا بۆ تورکیا، ئەم وڵاتە 13 زەمالەى خوێندن پێشکەش بە فێرخوازان لە هەرێمى کوردستان دەکات کە زەمالەى خوێندنى ماستەر و دکتۆران.

وەزارەتەکە مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرجەم وەزارەتەکانى دیکە ئاگادار دەکاتەوە، دەتوانن داواکارى بۆ ئەم زەمالەیە پێشکەش بکەن بەم شێوەیەى خوارەوە:

– هەشت کورسی بۆ دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.

– پێنج کورسی بۆ وەزارەتەکانی دیکە.

ئەوەش روونکراوەتەوە کە هەر کەسێک سەرباری مەرج و رێنماییەکانی زەمالەى تورکیا ، مەرج و رێنماییەکانى تێدا بەرجەستەیە ئەوا دەتوانێت لە رێگەى ئەم لینکەوە، داواکارى پێشکەش بکات.

مەرجەکان:

• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە.

• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە 65 کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی ماستەر و لە 70 کەمتر نەبێت بۆ خوێندنی دکتۆرا.

• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.

• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامە پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی ماستەر، ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت بۆ خوێندنی بەرنامەی دکتۆرا).

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وەزارەتەکەمان تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.

• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی تورکیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.

جەختیشکراوەتەوە، هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت، کاتى پێشکەشکردنیش لە 1.10.2025ـەوە دەستپێدەکات.

وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى ماستەر لە وڵاتى ...

وەزارەتى خوێندنى باڵا زەمالەی خوێندنى ماستەر لە وڵاتى چین رادەگەیەنێت