ئازادی رۆژنامەوانی. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
سێ رۆژنامەوان بە درۆن کوژراون
سەنتەری میترۆ: ساڵى پار 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی کراوە
964+
ژووری هەواڵ
سەنتەری میترۆ راپۆرتی ساڵی 2024ـی رەوشی ئازادیی رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان لەژێر ناوی “یاسا بۆ ئەرشیڤ نییە؛ یاساکانمان گۆڕین، بەڵام جێبەجێکردنیان سەنگی مەحەکە” بڵاوکردەوە و دەڵێت، رێژەکە بەراورد بە ساڵی پێشتر کەمیکردووە.
ئەمڕۆ شەممە 18.1.2025، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەوانان لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەوان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، بەراورد بە ساڵی 2023 بەڕێژەی 22٪ کەمبووەتەوە کە ئەو ساڵە 231 پێشێلکاری لەلایەن ئەو سەنتەرەوە تۆمارکرابوون.
بەگوێرەی داتاکان، ساڵی رابردوو سێ رۆژنامەوان بە درۆن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، 27 هێرش و لێدان و هەڕەشە بەرامبەر رۆژنامەوانان تۆمارکراوە و 103 رێگری لە رۆژنامەوانان تۆمارکراوە، 24 دەستبەسەرکردنی رۆژنامەوانان بەبێ بڕیاری دادگە، شەش هێرشی ئەلیکترۆنی، 17 دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی و دوو شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی تۆمارکراون.
مانگی 12ـی ساڵی رابردوو زۆرترین پێشێلکاری تۆمارکراون کە 40 پێشێلکاری بوون و لە تەواوی ساڵەکەدا 10٪ـی ئەو رۆژنامەوانانەی پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، مێ بوون و 90٪ـی دیکە نێر بوون.