ئاژەڵدۆستانى سلێمانى
دژى کوشتنى سەگە بێلانەکانى کەرکوک ناڕەزایەتى دەردەبڕن
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
چالاکوانانى بوارى ئاژەڵان و ئاژەڵدۆستانى سلێمانى، دژى هەڵمەتى کوشتنى سەگە بێلانەکانى کەرکوک، لە بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانى گردبوونەوە و ناڕەزایەتى دەردەبڕن، ئەوان دەڵێن، خەڵک و منداڵان هۆکارى سەرەکین بۆ پەلاماردان نەک سەگە بێلانەکان.
هەفتەى رابردوو، منداڵێکى تەمەن 10 ساڵ لە شارى کەرکوک بەهۆى پەلامارى سەگى بێلانە گیانى لەدەست دا، دواى رووداوەکەش هەڵمەتى کوشتنى سەگى بێلانە لە شارەکە دەستیپێکرد.
ئەمڕۆ شەممە 18.1.2025 بەشێک لە چالاکوانانى بوارى ئاژەڵان لە سلێمانى، چوونە بەردەم بیناى پارێزگا، ئەوان دەڵێن چارەسەریان پێیە و کوشتنى سەگەکان چارەسەر نییە.
سەگکوژەکەی کەرکوک بۆ تیکتۆک ئەم کارەی کردووە
شادیە عەلی چالاکوانی بواری ئاژەڵان بە 964ـى وت،”ئێمە دژی ئەو رەفتارانەین کە بەرامبەر سەگە بێلانەکان دەکرێت لە کەرکوک و دەمانەوێت رێگەی نەزۆککردن بگیرێتە بەرن نەک کوشتنیان”.
وەک باسى دەکات، رووداوەکەى کەرکوک نیگەرانى کردوون، چونکە گیانى مرۆڤ و منداڵ لەسەرووى هەموو شتێکە، بەڵام وەک ئەوەى روونى دەکاتەوە، هۆکارى سەرەکى پەلامار منداڵان و کەسەکان خۆیانن، ئەوان دەچنە سەر سەگە بێلانەکان و لێیان دەدەن و دواتر ئەو پەلامارانەى لێدەکەوێتەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح