دێرەلوک
درۆنێک کەوتە خوارەوەو بریندار هەیە
964+
هێڤى دێوالى- دهۆک
لە سنوورى ناحیەى دێرەلوک درۆنێک کەوتە خوارەوە کەسێک بریندارە و لە نەخۆشخانەى ئامێدى چارەسەرى بۆ دەکرێت.
کەمێک لەمەوبەر، لە بانى چەلکێ لە سنوورى دێرەلوک، دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز بیسترا، بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوەیەکى ئەمنى سنوورەکە کە بۆ 964 قسەى کردووە،”درۆنێک کەوتووەتە خوارەوە و کەسێک بریندار بووە”.
ئەو شوێنەى رووداوەکە لێ رووداوە، شوێنێکە خەڵک بۆ گەشتکردن رووى لێدەکەن و بەپێى ئەو دیمەنانەى بڵاوکراونەتەوە، ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو ئەو کەسانەى بۆ گەشت چوونەتە شوێنەکە بڵاوبووەتەوە و دەنگى هاتوهاوار و قیژە دەبیسترێت.
وەک ئەوەى سەرچاوە ئەمنییەکە باسى دەکات، بریندارەکە بەرەو نەخۆشخانەى دێرەلوک گواستراوەتەوە.
مەسعود بوتى، جێگرى بەڕێوەبەرى تەندروستى ئامێدى بە 964ـى وت،”بریندارەکە گەنجێکى تەمەن 23 ساڵەو ناوى (و.س)ـە و دانیشتووى دێرەلوکە و خێزاندارە”.
دەشڵێت: برین لە سنگ و قاچى هەیە و لە ئێستادا خەریکى چارەسەرین ئەگەرین، ئەگەر پێویست بکات رەوانەى دهۆکى دەکەین.
لاى خۆیەوە کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)، بە 964ـى وت،”کەوتنە خوارەوەى فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بووەتە هۆى برینداربوونى هاوڵاتییەک کە پارچەى فڕۆکەکە بەر ملى کەوتووە”.
باسى لەوەشکرد، تائێستا نازاندرێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هى تورکیایە یاخود پەکەکە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح