"داربڕەکان دەبیندرێن و پۆلیس نابیندرێت"
دارستانەکانى بنارى قەندیل لەژێر هەڕەشەى داربڕەکاندان
964+
وریا فەتاح
بنارى قەندیل لە سنوورى پشدەر تا چاو بڕکات دارستانە، بەڵام وەک پێویست پارێزگاریان لێناکرێت و بەشێکى زۆرى دارەکان بڕدراونەتەوە، هەرچەندە پۆلیسى دارستان دەڵێت، “ئامادەین بۆ پارێزگاریکردن، بەڵام دیمەنەکان وا ناڵێن”، دەنگى مشارى کارەبایش بە دۆڵەکاندا دەبیسترێن.
هاوڵاتییەکى سنوورى پشدەر داواى لە 964 کرد، سۆراغێک بۆ دارستانەکانى بنارى قەندیل بکات و دیمەنى بڕینى دارەکان تۆمار بکەن، بۆ بەدواداچوون تیمى 964 چووە بنارى قەندیل لە سنوورى ناحیەى ژاراوە، بەپێى ئەو دیمەنانەى 964 تۆمارى کردن، لە گوندەکانى بەرد قەڵشیو و کوڵاو رەشان و پشتى کوزینە، ژمارەیەکى زۆر دار بڕدراونەتەوە.
لەو کاتەى تیمى 964 لە شوێنەکە بوو لە کوڵاو رەشان، دەنگى مشارى کارەبایى بە ئاشکرا لەو دۆڵە دەبیسترا و لەولاشەوە ئۆتۆمبێلێکى جۆرى پاتڕۆڵ کۆتەرەکانى باردەکردن و بەبەردەمى رەبایەیەکى پێشمەرگەدا بەرەو ژاراوە گەرایەوە.
لەماوەى دوو رۆژى بەدواداچوون (رۆژانى سێشەممە و چوارشەممە)، هیچ تیمێکى پۆلیسى دارستان لە سنوورەکە نەبیندران، بەڵام داربڕ دەبیندرا و دەنگى مشارى کارەبایش لە دۆڵى کوڵاورەشان دەبیسترا.
لەسەر ئەو بابەتە 964، پەیوەندى بە جەبار ئادەم، بەڕێوەبەرى بەشى پۆلیسى دارستانى قەڵادزێ کرد و دۆخەکەى بۆ روونکردەوە، ئەو بۆ 964 باسى لەوەکرد کە خۆزگە لەو کاتەدا پەیوەندیان پێوەبکرایە بۆ ئەوەى مەفرەزەیان دەرکردبا، داواشى کرد لە کاتى بینینى ئەو حاڵەتانە، پەیوەندیان پێوە بکەن.
964 لێى پرسى بۆچى لەم وەزەدا کە وەرزى سەرمایە و خەڵک دار دەبڕن تیم بۆ ئەو شوێنانە نانێرن یان بنکەى جێگیر دانانێن، ئەو باسى کرد بە 15 پۆلیسەوە ناتوانن بە بەردەوامى چاودێرى ئەو سنوورە فراوانە بکەن، وەکخۆشى دەڵێت، کەمتەرخەمیان نەکردوە و ئێستا نزیکەى 100 دۆسیەى داربڕین و زێدەڕۆیى لە دادگایە و چەندین بار دارى تەڕ دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئەوەى 964 لە بەدواداچوونەکەى پێى گەیشت، ئەو دارانەى بڕدراونەتەوە زۆربەیان دار بەڕوون، لە دواى ئەویش دارى قەزوان و گۆیژ کە ئەمانە کەم و دەگمەنن.
سوتاندنى بنکى دارەکان
داربڕەکان، بە بڕینى دارەکانەوە ناوەستن، بۆ شاردنەوەى شوێنپەنجە بنکى دارەکان دەسوتێنن، کە لەم حاڵەتەدا دارەکە جارێکى دیکە ناتوانێت سەرهەڵبداتەوە، 964 لەوێ ئەوەى بەدى کرد و تۆمارى کردن.
مەترسییەکى دیکەى بەردەم دارستانەکانى قەندیل بوونى ململانێى و ئاڵۆزییە، لە ماوەى رابردوو لە چەند شوێنێکى قەندیل بەهۆى فڕۆکەى تورکى و تۆپبارانى ئێران، رووبەرێکى زۆرى دارستانەکان سووتان.