ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم.
وتەبێژی حكومەت:
“ئەگەر كێشەی موچە بمێنێت حكومەتی هەرێم هەڵوێستی دیكەی دەبێت”
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ئەگەر كێشەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت، حكومەتەكەی هەڵوێستی دیكەی دەبێت.
پێشەوا هەورامانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.1.2025 لە لێدوانێكدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حكومەتی هەرێمی وت، “لە سەرەتای كێشەی موچەوە ئێمە بە حكومەتی عێراقمان راگەیاندووە، هیچ شتێكی شاراوەمان نییە لە بابەتی دارایی و نەوت و ئەو پرسانەی لە نێوان هەردوولامان هەیە، بۆیە نابێت ئەم كێشانەی هەن لە ساڵی 2025دا بەردەوام بن و پێویستە ئەو كێشانەی هەیە چارەسەر بكرێن”.
وتیشی، “ئەگەر ئەو كێشانە بەردەوام بن، حكومەتی هەرێم هەڵوێستی خۆی دەبێت”.
ئەم قسانەی وتەبێژی حكومەت دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندی دانوستكاری حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە بارەی پرسی موچە و بودجە، لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان لە كوردستان كۆبوونەوە و بە گوێرەی هەواڵەكەی میدیا و زانیاری، هەموو شتێكیان بۆ روونكردنەوەنە لە بارەی كێشەكانی دارایی و داتا و زانیارییەكانیان خستووەتەڕوو.
لەم هەفتەیەدا هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان و عێراق بە چەند راگەیاندراوێك وەڵامی یەكتریان دایەوە سەبارەت بە موچەی مانگی 12ی 2024ی فەرمانبەرانی كوردستان، هەرێم بە داتا و ژمارە ئەوەی خستەڕوو، كە بەغدا پارەكەی نەناردووە، بەغداش بە هەمان شێوە داتا و ژمارەی خستەڕوو، ئەوەشیان وت، پارەكەیان ناردووە و هەرێم دابەشی نەكردووە.