لە خانەقین
گازیان وەرنەگرتووە و خاوەن مۆلیدەکان هەڕەشەى کوژاندنەوە دەکەن
964+
ڕاژان باجەڵان – خانەقین
خاوەن مۆلیدەکانى خانەقین، بەهۆى نەگەیشتنى گاز هەڕەشەى کوژاندنەوەى مۆلیدەکانیان دەکەن، ئیدارەى شارەکەش هۆشدارى دەدات ئەگەر بیکوژێننەوە سزا دەدرێن
113 مۆلیدەى ئەهلى لە خانەقین هەن
بەشار حەقی نوێنەری مۆلیدە ئەهلییەکانی خانەقین بە 964ـى وت،” تا زیاد لە 90 کاتژمێر مۆلیدەکان ئیشیان کردووە و گازی حکومی لای زۆربەی خاوەن مۆلیدەکان نەماوە و بەشى ئەم مانگەشیان وەرنەگرتووە”.
وەک باسى دەکات، لەکۆى 113 مۆلیدەى ئەهلى کە لە خانەقین کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن، تەنیا 20 مۆلیدە بەشە گازى ئەو مانگەیان وەرگرتووە”.
جەختیش دەکاتەوە، ئەگەر بەشە گازى ئەم مانگە دوابکەوێت، ناچار مۆلیدەکانیان بکوژێننەوە یان نرخى ئەمپێرى کارەبا لەسەر هاوبەشان زیاد بکەن.
964 کێشەکەى خستە بەردەم ئەندازیار سەرمەد خەلیل بەرێوەبەری سامانە سروشتییەکانى خانەقین، ئەو بۆ 964 قسەى کرد و دڵنیایى بە خاوەن مۆلیدەکان دا کە هیچ مەترسییەک لەسەر فەوتانى بەشە گازى ئەم مانگە نییە و تا کۆتایى مانگ هەموویان بەشى خۆیان وەردەگرن.
هۆشدارى بە خاوەن مۆلیدەکانیشدا، ئەگەر مۆلیدەکانیان بکوژێننەوە لە لایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە سزاى توند دەدرین.
بەپێی بەدواداچونەکانی 964، مانگانە نزیکەی 500 هەزار لیتر گاز دەگاتە خانەقین و بەسەر خاوەن مۆلیدەکاندا دابەش دەکرێن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح