توێژینەوە تەندروستییەکان گەیشتوون بەوە

ڤەیپ، مێشکت تێکدەدات و خوێنبەرەکانت تەسک دەکاتەوە

964+

وریا فەتاح

توێژینەوەکان گەیشتوون بەوەى، ڤەیپ کە وەک جێگرەوەى جگەرە دانراوە پەیوەندییەکى راستەوخۆى بە تێکچوونی مێشک و تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان و لاوازبوونى توندی سییەکانەوە هەیە.

لەم ساڵانەی دواییدا، ڤەیپ کە هاوشێوەى جگەرە هەڵدەمژرێت، سەرنجڕاکیش و بەناوبانگ بوو، ئێستا خەریکە وەک جێگرەوەى جگەرە لەلایەن خەڵکەوە بەکار دەهێنرێت و پێیان وایە جێگرەوەیەکى سەلامەتترە بەراورد بە جگەرە هەر لەبەر ئەم هۆیەش خرایە بازاڕەوە.

ئێستا جگەرەى ئەلیکترۆنى، بنکەیەکى گەورەى بەکارهێنانى هەیە بە تایبەت لە نێو گەنجاندا، تامە جیاواز و رەنگە جیاوازەکان و شێوازى دروستکردنى بۆدى ڤەیپەکان سەرنجڕاکێشییەکى بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەڵام سەرەڕاى هەموو ئەمانە و بانگەشەى سەلامەتى، بەشێکى بەرچاوى لێکۆڵینەوەو توێژینەوە زانستییەکان گەیشتوون بە دەرەنجامى ترسناک لەسەر تەندروستى ئەو کەسانەى بەکارهێنەرى ڤەیپن.

بەپێى توێژینەوەکان، جگەرەى ئەلیکترۆنى کۆمەڵێک زیانی هەمیشەییان هەیە بۆ ئەندامە گرنگەکانی وەک مێشک، سییەکان و سیستەمی سووڕی خوێن، پێویستی لێکۆڵینەوە لەم نیگەرانییە تەندروستییانە نەک تەنیا بەهۆی پەرەسەندنی ژمارەی بەکارهێنەرانی ڤایپەوەیە بەڵکو بەهۆی تێڕوانینە هەڵە بەربڵاوەکانیشەوە کە بۆ سەلامەتییەکەی باس دەکرێت.

دەرکەوتنى ڤەیپ

گەشتى ڤەیپ لە سەرەتاى ساڵانى 2000 لەلایەن هۆن لیک کە دەرمانسازێکى چینییە دەستپێدەکات، ئەوەش کاتێک جگەرەی ئەلیکترۆنی وەک ئامرازێک ناساند بۆ یارمەتیدانی جگەرەکێشەکان بۆ وازهێنان لە جگەرە، هەر بۆیە داهێنانەکەى ناوبانگێکى زۆرى لە دەورى خۆى کۆکردەوە، بەڵام هەرزوو داهێنانەکە کەوتە دەرەوەى مەبەستە سەرەکییەکەى و گۆڕدرا بۆ پیشەسازییەکى گەورە.

بەپێی راپۆرتێکی ساڵی 2019ـى سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشی CDC، تێیدا دەرکەوت کە نیگەرانییەکى گەورە هەیە لە نێو گەنجاندا سەبارەت بە بەکارهێنانى ڤەیپ، بەتایبەت لەوەى زۆرجار کۆمپانیاکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی بەرهەمەکانیان وەک بێ زیان و جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ توتن پێشکەش دەکەن، بەڵام توێژینەوەکە گەیشتووە بەوەى ڤەیپ چەند کێشەیەکى تەندروستی بۆ بەکارهێنەر دروست دەکات کە هەندێکیان هاوشێوەى زیانەکانى توتنن.

توێژینەوەکان چى دەڵێن لە بارەى ڤەیپەوە؟

زۆربەى توێژینەوەکان گەیشتوون بەوەى هەندێک لە بەکارهێنەران پێیان وایە لەبەر ئەوەی جگەرەی ئەلیکترۆنی تووتنی تێدا نییە، بێ مەترسییە، ئەمە تێڕوانینێکی هەڵەی بەربڵاوە کە پێویستی بە چارەسەرکردن هەیە، چونکە ڤەیپ مادەى کیمیایى جۆراوجۆرى تێدایە بە تایبەت نیکۆتین ئەمەش  دەتوانێت ببێتە هۆی مەترسییەکى زۆرى وەک تێکچوونی سییەکان و لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییە ئاماژە بە مەترسییە ئەگەرییەکان دەکەن کە دڵ و مێشکیش دەگرێتەوە.

بە پێچەوانەی ئەو وێنە شێواوەى کە زۆرجار لە هەڵمەتەکانی بازاڕکردندا ڤەیپ دا وێنا دەکرێت، توێژینەوە زانستییەکان دەست دەکەن بە تیشک خستنە سەر دۆزینەوە مەترسیدارەکان، بۆ نموونە توێژینەوەکان پەیوەندییەکیان لە نێوان ڤەیپ و زیادبوونی کێشەکانی سییەکان و هەناسەدان نیشانداوە، تەنانەت لەنێو گەنجانی تەندروستدا.

کاریگەری ڤەیپ لەسەر تەندروستی مێشک

ڤەیپ بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە هەڵمژینی مادەکانی وەک نیکۆتین کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر تەندروستی دەمارەکان هەیە، بە تایبەتی نیکۆتین ژەهرێکی دەمارییە کە دەتوانێت گەشەکردنی بازنەکانی مێشک تێکبدات و کاریگەری لەسەر کیمیای مێشک هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە کارکردنی مێشکدا، بە تایبەتی بۆ بەکارهێنەرانی کاریگەرترە، چونکە هێشتا مێشکیان لە گەشەکردندایە.

کاریگەرى ڤەیپ لەسەر خوێنبەرەکان

یەکێک لە کاریگەرییەکانی ڤەیپ کە کەمتر باسی لێوە دەکرێت، بەڵام بە هەمان شێوە جێگەی نیگەرانییە، کاریگەرییە ئەگەرییەکانی لەسەر تەندروستی خوێنبەرەکانە، لە بنەمادا ڤەیپ بریتییە لە هەڵمژینی مادە کیمیاییە هەڵمکراوەکان، کە نیکۆتین پێکهاتەی سەرەکییە. نیکۆتینیش ناسراوە بە بەرتەسککردنەوەی خوێنبەرەکان و دەبێتە هۆی تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان و بە تێپەڕبوونی کات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و کەمبوونەوەی رۆیشتنی خوێن، ئەمەش دەبێتە هۆى دروستبوونى فشار لەسەر خوێنبەرەکان و بەردەوامبوونى ئەمە دەبێتە هۆى رەقبوونى خوێنبەرەکان، لەمەشەوە جەڵتەى مێشک و دڵ روودەدات، ئەمەش هەمان زیانە کە جگەرەى توتن هەیەتى.

کاریگەرى ڤەیپ لەسەر سییەکان

سیستەمی هەناسەدان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە باشبوونی تەندروستى مرۆڤ، چونکە رێگە بە ئۆکسجین دەدات بچێتە ناو جەستە و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دەربچێت، بەم پێیە پاراستنی تەندروستی سییەکان زۆر گرنگە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و دڵنیابوون لە جووڵە و چالاکیی کارایی.

ڤەیپ کە زۆرجار وەک بەدیلێکی سەلامەتتر لە جگەرەکێشانی تەقلیدی پەرەی پێدەدرێت، بەپێى توێژینەوەکان بەداخەوە پەیوەندی بە زۆرێک لە حاڵەتەکانی تێکچوونی توندی سییەکانەوە هەیە، تەنانەت لەنێو گەنجانیشدا کە کێشەى تەندروستییان نییە.

ڤەیپ جگە لەم سێ حاڵەتە سەرەکییە کە هەڕەشە لەسەر تەندروستى بەکارهێنەران دەکات، چەندین کاریگەرى دیکەى هەیە بەتایبەت لە تێکچوونى دەروونى و دەم و ددان و برینداربوونى گەدە.

بۆ ئەم بابەتە سود لەم سەرچاوە تەندروستییە وەرگیراوە.

شەربەتییان کڕی و ڤەیپ دەرچوو

شەربەتییان کڕی و ڤەیپ دەرچوو