لەلایەن وەزارەی کشتوکاڵی هەرێمەوە
قەدەغەی سەر هاوردەکردنی هەنار لە دەرەوەی وڵاتەوە هەڵگیرا
964+
توانا نەقی
بەرهەمی هەناری خۆماڵی لە بازاڕەکان کەم بووەتەوە و خواستیشی زۆر لەسەرە بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بڕیاریدا ئەو قەدەغەیەی لەسەر هاوردەکردنی هەنار دانرابوو هەڵبگیرێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت ئەو بڕیارەیان لە بەرژەوەندی هاولآتیان داوە چونکە نرخی هەنار لە بازاڕدا گران بووە.
هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، بەرهەمی هەناری خۆماڵی لە بازاڕەکان کەمی کردووە و لەلایەن هاولاتیانیشەوە هەر خواستی لەسەرە بۆیە گران بووە.
وتیشی، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاریان داوە ئەو قەدەغەیەی کە پێشتر لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی هەنار دایاننابوو لە رۆژی 12.1.2025ـەوە هەڵبگیرێت و بتوانن لە دەرەوەی وڵاتەوە ئەو بەرهەمە هاوردە بکەن.
بەرهەمی هەنار زیاتر لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و سوریاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام کاتێک بەرهەمی ناوخۆ پێدەگات وەزارەت هاوردەکردنی لەدەرەوە قەدەغە دەکات بۆ ئەوەی بەرهەمەکەی ناوخۆ ساغ بێتەوە، هیوا عەلی وای وت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو نوسراوی فەرمی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم کردووە بۆ مەبەستی گرنتەبەری رێککاری پێویستی کارگێری و یاسایی و سەرجەم بەرێوەبەرایەتیەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش ئاگادار کراونەتەوە.