"ئاگرەكە بە دەستی ئەنقەست بووە"
ماڵێک لە قەزای سۆران سووتا و دوو ژن گواسترانەوە نەخۆشخانە
+964
ئاکام غەفور-سۆران
کەمێک پێش ئێستا ماڵێک لە قەزای ناوەندی سۆران ئاگری گرت و بەهۆیەوە دوو ژن تەنگەنەفس بوون و لە هۆش خۆیان چوون، وتەبێژی بەرگریی شارستانییش دەڵێت، ئاگرەكە بە دەستی ئەنقەست بووە.
رووداوەکە لە گەڕەکی نەورۆزی شاری سۆران بووە لە نزیکی قوتابخانەی ئەستێرە، هەر زوو تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوون بە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بۆ 964 وتی، لە دوای ئاگادارکردنەوەمان تیمەکان دەرچوون بۆ شوێنی رووداوەکە و هەرچەندە ئاگرەکە گەورە بوو، بەڵام توانرا زوو کۆنتڕۆڵ بکرێت.
وتیشی، “ئاگرەکە بە دەستی ئەنقەست بووە، هەر ئەندامێکی ماڵەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی ئاگری لە ماڵەکە بەرداوە”.
دەربارەی زیانەکانی ئاگرەکە، هاودیانی وتی، دوو ژن لە ماڵەکە بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و لە هۆش خۆیان چووبوون، لە دوای گەیشتنی تیمەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، زیانی ماددیش بەر ماڵەکە کەوتووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا