"لە ئەگەری بەفر بارینی زۆر ئاستەنگ دروست دەبێتەوە"
رێگەی مەرزی کێلی کرایەوە
964+
ژێوار خدر
رێگەی مەرزی کێلێ کرایەوە و ئێستا بارهەڵگرەکان دەتوانن تێپەڕن، بەڵام پێویستە پەلە بکەن، چونکە هیچ گەرەنتییەک نییە دووبارە رێگەکە نەگیرێتەوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمشەویش بەفربارین بەردەوام بێت.
شەوی رابردووە لە مەرزەکە بەفرێکی باش باری بوو، نزیکە 20 سانتیم دەبوو، رێگەکە پەکی کەوتبوو و یەک بارهەڵگریش نەیدەتوانی لێیەوە تێپەڕێت، ئامێری پێویستیش نەبوو بۆ پاککردنەوەی رێگەکە و بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی راپەڕین داوایان لە ئێران کردووە هاوکارییان بکەن و ئەوانیش یارمەتییانداون و رێگەکەیان بۆ پاککردوونەتەوە.
عەباس عەزیز بەڕێوەبەری گومرگی مەرزەکە بە 964ـی وت، هیچ گەرەنتییەک نییە دووبارە رێگەکە پەکی نەکەوێتەوە، ئەگەر بەفربارین بەردەوام بێت و هیچ ئامێری پێویستمان نییە بۆ پاککردنەوەی رێگەکە، لە ئەگەری بەفربارینی زۆر و دووبارە داخرانەوەی رێگەکەش، هیچ چارێکمان نابێ و ناچارین چاوەڕێ بکەین و سبەی پاکی بکەینەوە.
مەرزى کێلێ، مەرزێکى نافەرمییە لە نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى ئێران، بە دیاریکراوى لە دیوى هەرێمى کوردستان دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر و لە دیوى رۆژهەڵاتى کوردستانیشەوە نزیکترین شار لێیەوە سەردەشتە.