ئەو بڕیارانەى لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ دراون

حکومەتى هەرێم و نوێنەرانى کورد لە بەغدا لە بارەى موچەى 2025 چەند بڕیارێکیان دا

964+

وریا فەتاح

لە کۆبوونەوە نائاساییەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کە نوێنەرانى هەرێمى کوردستان لە بەغدا ئامادەیى بوون، چەند بڕیارێکدرا و لە بارەى موچەى 2025ـى فەرمانبەرانى کوردستانیشەوە قسە کراوە.

ئەمڕۆ شەممە 11.1.2025، بە سەرپەرشتيی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی خۆی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا، بە بەشداريی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دا.

بەپێى راگەیەنراوى حکومەتى هەرێم، بابەتی سەرەکيی کۆبوونەوە، دابینکردن و داکۆکیکردنە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان، هەر بۆیە بانگهێشتنامەیان ئاراستەی هەموو فراکسیۆنە کورستانییەکان کردووە، وە باسکراوە، هیواداربوون هەموو لایەنە کوردستانییەکان بەشداریيان تێدا کردبا، تاوەکوو پێکەوە بە ئاشکرا و رووبەڕوو، گفتوگۆ لەسەر تەوەرەکان بکەن لەبەر رۆشنایيی راستییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران وتویەتى،” دەمانەوێت ساڵی 2025 خەڵكی ئێمە لەو نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەدا رزگاری ببێت، چونکە شایستەی ئەوە نییە بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. خەڵكی ئێمە شایستەی ئەوەیە رێز لە خەبات و قوربانیدانی بگیرێت وەك هەموو خەڵكی تری عێراق. مووچە و شایستە داراییەکانی پێ بدرێت. ئێمە داوای یەكسانی و مافە دەستوورییەكانی خۆمان دەكەین و داوا دەكەین پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان بەغدا و هەولێر دروست بكرێت”.

وەک روونکراوەتەوە لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا:

یەکەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵ، بە شێوەیەکی هاوبەش کار بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەر دوازدە مانگی ساڵی 2025 بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیاردرا شاندێک لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆببێتەوە و پەیامی هەرێمی کوردستانی پێ بگەیەنن کە پێویستە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و دەستووری مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت و بۆ ساڵی 2025 کێشەی مووچە چارەسەربکرێت.

دووەم: وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، دەبێ بەشدار بێت لە پرۆسەی پێداچوونەوە بە بەشی هەرێمی کوردستان لە خشتەی پێشنیارکراوی خەرجییەکانی مووچە و خەرجییەکانی بەکاربردن و پڕۆژەکانی بودجەی وەبەرهێنان و بودجەی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و خشتەکانی سەرجەم شایستەکانی ساڵی دارایی 2025 بە هاوبەشی لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ ئامادە بکرێت، بە تایبەتی بۆ بەشی هەرێم و شایستەکانی و پلەی وەزیفی و میلاک بە گوێرەی دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی.

سێیەم: لە ئێستاوە کار بکرێت لە یاسای بودجەی فیدراڵ ، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجە دیاری بکرێت لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم بە پێی سەرژمێریی گشتیی ساڵی ڕابردوو و پێوەرە دەستووريیەکانی دادپەروەریی لە دەستنیشانکردنی بەشی هەرێم لە بودجە وەک قەوارەیەکی فیدڕاڵیی ، دواتر بە پێی تایبمەتدنی هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی ، بۆ هەرێم بنێردرێت و لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم دابەش بکرێتەوە.

"سبەی كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت"