"خۆزگە لە ئاودا بخنکایە نەک جەستەکەیمان ئاوا ببینیایە"
سەگەکان چۆن پەلامارى منداڵەکەیاندا و کوشتیان؟
964+
کاروان ساڵحى- کەرکوک
شایەدحاڵانى رووداوەکە دەڵێن، بە سێ سەگەوە پەلامارى منداڵەکەیان داوە و تا گەیشتوونەتەسەرى، سەگەکان بە تەواوى وزەیان لێبڕى بوو، باپیرى منداڵەکەش بە نیگەرانییەوە دەڵێت، لایەنى ئەمنى کەمتەرخەم بووە.
بەو هەموو ئاسانییە بە ئێمە دەڵێن منداڵەکەتان سەگ خواردى
نیوەڕۆى ئەمڕۆ، لە کەرکوک سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی تەمەن 10 ساڵانەیان دا و بەهۆیەوە گیانى لەدەست دا.
بەپێى لێدوانى شایەدحاڵەکان کە بۆ 964 قسەیان کردووە، رووداوەکە 12:30 بۆ 1:00ـى نیوەڕۆ روویداوە، بە وتەى ئامانج ئیبراهیم، بە چاوى خۆى بینیویەتى کە سەگەکە بەدەم چەند سەگێکەوە بووە.
محەمەد حەسەن کە بە ماتۆڕەکەى کارى دیلیڤەرى دەکات، بە چاوەکانى خۆى رووداوەکەى بینیوە، ئەو رووداوەکەى بەم شێوەیە بۆ 964 گێرایەوە، بینیتم سەگێک منداڵێکى بردە خوارەوە، کە گەیشتمە سەرى سێ سەگ لەسەر سەرى منداڵەکە بوون، لاقوڕگ و رانى منداڵەکەیان گرتبوو، هەر ئەوەندە فریاکەوتین خستمانە ئۆتۆمبێل و بردمانە نەخۆشخانە.
بە وتەى سامان یابە، بەرپرسی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک کە بۆ 964ـ قسەى کردووە، منداڵەکە تەمەنى ساڵە و سەگى بێلانە پەلامارى دەموچاو و رانیان داوە.
لاى خۆیەوە رەمزى تاریق کە باپیرى منداڵەکەیە بۆ 964 وتى،”بەو هەموو ئاسانییە بە ئێمە دەڵێن سەگ خواردى”.
“ئەو لایەنەى ئەمنییەتى ئەو شوێنە دابین دەکات ئیشى چییە”، باپیرى منداڵەکە بەو شێوەیە دەپرسێت.
وتیشى،”دواى پرسەکە سەردانى پارێزگار دەکەم و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەم، خۆ بەبەلاش پەروەردەمان نەکردووە، ئەو گەڕەکە گەڕەکى ماڵى پارێزگارى کەرکوکە، ئەگەر لەوێ سەگ منداڵ بکوژێت، دەبێت گەڕەکەکانى تر حاڵیان چى بوایە”.
دەشڵێت، خۆزگە لە ئاودا خنکابایە نەک بەم شێوەیە جەستەیمان ببینیایە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح