180 هەزار کەسیش ئاوارەبوون

 ئاگرەکەی کاڵیفۆرنیا بەردەوامە و لانی کەم 10 کەس گیانیان لەدەستداوە

964+

ژێوار خدر

ئاگرەکانی کاڵیفۆرنیای ئەمریکا تادێت فراوانتر دەبن و بەردەوامن، پێناچێ بەمزووانە کۆنتڕۆڵ بکرێت و بە یەکێک لە پێنج وێرانکەرترین ئاگرەکان لە مێژووی کاڵیفۆرنیا دەژمێردرێت.

بەپێی میدیا ئەمریکییەکان، تاوەکو ئێستا بەهۆی ئاگرەکەوە بەلانی کەمەوە 10 کەس گیانیا لەدەستداوە و نزیکەی 20 هەزار دۆنم زەوی و 10 هەزار خانوو و بینا و شوێنی گشتیش سووتاون.

نزیکەی 180 هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵو حالی خۆیان جێهێشتووە، ئەوە جگە لەوەی بووەتە هۆی وەستاندن و دواخستنی گەشتەکان و نەمانی کارەبا لە بەشێک لە ناوچەکان.

هەر ئەوەندە نییە، ئاگرەکە ماڵی کۆمەڵێک هونەرمەند و خەڵکی ناوداری ‌هۆڵیودی سووتاندووە و کۆمەڵێک یاری وەرزشی، کۆنسێرتی هونەرمەندان و بۆنە و ئاهەنگیشی  وەستاندووە و دواخستووە، بەشێک لە هونەرمەندان لە پلاتفۆرمەکانی خۆیانەوە لە سۆشیاڵ میدیا هاوکاری و کۆمەکییان راگەیاندووە بۆ ئەو ناوچانەی زیانی زۆریان بەرکەوتووە.

ئاگرەکە بەدیاریکراوی لە رۆژی 7.1.2025 لە باشووری کاڵیفۆرنیا دەستیپێکرد، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەسەر هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە و بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دوو ئەگەر دانراوە، یەکێکیان ئەوەیە کە بە دەستی ئەنقەست ئاگرەکە دروستکرابێت و ئەگەری دووەمیش ئەوەیە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە سەریهەڵدابێت، تاوەکو ئێستاش دۆخەکە مەترسیدارە و هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامن، بەڵام هەبوونی با وایکردووە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بێت.