"لەسەر رێگەی پێنجوێن - سەیدسادق دوو بارهەڵگر بەیەکیاندادا"
لە رووداوێکی هاتوچۆدا کەسێک سووتا و گیانی لەدەستدا
964+
بڕوا مەجید – سەیدسادق
درەنگانی شەوی رابردوو، دوو تەنکەر بەیەکیاندادا تەنکەرێکی دیکەش کە لێیانەوە نزیک بوو گڕی گرتوو و شۆفێری یەکێکیان سووتا و گیانی لەدەستدا.
رووداوەکە لە نزیکی کاتژمێر 12:00ەی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی سەرەکی پێنجوێن – سەیدسادق روویداوە.
کارمەندێکی بەرگری شارستانی قەزای سەیدسادق کە لە شوێنی رووداوەکە بوو بۆ964 قسەی کرد و وتی، ”بەهۆی پێکدادانی دووتەنکەرەوە، کە سووتەمەنیان پێبووە ئاگر کەوتووەتەوە و دواتر تەنکەرێکی دیکەش کە لە نزیکیانەوە بووە گڕی گرتووە، بەهۆی رووداوەکەوە شۆفێری یەکێک لە تەنکەرەکان گیانی لەدەست داوە”.
کەمال سەعدون، بەرپرسی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید شەوکەت لەسەیدسادق، بە 964ـی وت، ”بەهۆی رووداوەکەوە تەرمێک بەسووتاوی گەیەنرایە نەخۆشخانەکەمان کە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بە تەواوی جەستەی سوتابوو.
وتیشی، ئەو کەسەی سووتابوو، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵە و دانیشتوی گوندی سێ ماڵەی پێنجوێنە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەکەمان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کرا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر