"هەوای سارد بە لاوازی دەگەن"
وڵاتانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست روخسای زستانیان پێوە دیار نیە
964+
ئەحمەد مستەفا
زۆرێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست لە کاتی ئێستادا دوچاری کەم بارانی بوونەتەوە و روخساری زستانەیان پێوە دیار نییە، لەکاتێکدا سروشت و باران بارینەکانی ئەو ناوچەیە بەوە ناسراوە کە وەرزانەی و بەرزو نزمی بەخۆوە دەبینێت.
ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست، کە کاریگەرییان گۆرانکارییەکانی کەشوهەوایان بۆ دەچێ، قوبرس، یۆنان، ئیسرائیل، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەلبانیا و کرواتیان، وە کاریگەرییەکانی بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو درێژدەبێتەوە.
کەشناسی سلێمانی هەستیان بەو ساردی کەشەوە و بێ بارانییە چاک کردووە، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەرەکەیەتی ئەو بە 964ی وت، ئەگەر شاری سلێمانی وەربگرین کە تێکڕایی بارانبارین 675 ملیمە ساڵانە، بەڵام وەرز هەبووە لە ئاست تێکڕاییەکاندا بووە وە وەرزیش هەبووە هەزار و 317 ملیم باران تۆمارکراوە، ئەویش لە وەرزی 2018-2019.
بەرز و نزمی بەردەوام لە داتاکانی تۆماری دابارینی زستانە روویداوە، ئاسۆ کەمال دەڵێ، ئەوەش پەیوەستە بە کۆمەڵێک هۆکار، لەوانە دەرەنجامەکانی گۆڕانکارییەکانی ئاوهەوای گۆی زەوی و هەروەها جۆری ئاوهەوای ناوچەکە کە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەسەر رووبەری ئاوی نییە و تاڕادەیەک ئاوهەوایەکی نیمچەکیشوەری هەیە.
هەموو دیارەی بارانبارینەکان دەرەنجامی ناسەقامگیرییەکانی کەشوهەوا و هاتنی نزمە پاڵەپەستۆکان دەبێت بۆ ئاسمانی هەرێمی کوردستان، زۆر جار هاتنی ئەم نزمە پاڵەپەستۆیانە بۆ ناوچەکە لاواز و مەودا کورتە کە ئەوەش بە هۆی لاوازی و بێهێزی ئەو نزمە پاڵەپەستۆ جەمسەریە ساردەکانە، وەک بەرزە پەستانی سیبیری کە لەم کاتانەدا درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی تورکیا و ئێران، دەرەنجام کەشێکی وشک و سارد لە ناوچەکەدا جێگیر دەبێت وە ئەم نزمە پاڵەپەستۆ جەمسەریانە کە بارستە هەوای ساردن و بەلاوازی دەگاتە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست.
کە دەریای سپی ناوەڕاستیش لەڕووی پلەی گەرماوە پلەی گەرمی بەرزە بەراورد بەو بارستە هەوا ساردانە کە ئەو ناوچەیە دەبێتە ناوەندی نزمە پاڵپەستۆکان و دەرەنجام نزمە پاڵەپەستۆی لاواز و کەم مەودا لە ناوچەکانی دەریای سپی ناوەڕاست دروست دەبیت و کاریگەری بارانبارینەکانیش لاواز دەبێت لە ناوچەکەدا.
ئاسۆ کەمال پێی وایە، بۆ ئاگاداربوون لە چالاکی و کارایی ئەو نزمە پاڵەپەستۆ و بارستە هەوایانەی روو لە ناوچەکە دەکەن، رەچاوی کۆمەڵێک فاکتەر دەکرێت، لەوانە (بەرزو نزمی باشور دیاردەی ئەلنینۆ) کە دیارە ئێستا، دیاردەی لانینا لە دۆخی لاوازیدایە وە بە پێی ئامارەکانی ئەو وەرزانەی کە لانینا جێگیر بووە باران بارینەکانی ئەم ناوچانە بەرزو نزمی بەخۆوە بینیوە لە وەرزی پاییز و زستان و بەهاردا.
دیاردەی ئەلنینۆ چۆن روودەدات؟
رەوتی بای ۆژهەڵات – رۆژئاوا لە زەریای هێمن لە نێوان 30 پلەی باکوور و باشووری پانیدا بوونی هەیە، ئەم بایانە ئاوە گەرمەکانی سەر ڕووی زەریاکان بەرەو رۆژئاوا پاڵدەنێن، ئاوە گەرمەکان لە رۆژئاوای زەریاکەدا کۆدەبنەوە، لە نزیک ناوچە کەنارییەکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و ئوسترالیا، لە دیوی رۆژهەڵاتی زەریای هێمن لە نزیک کەناری رۆژئاوا ئاوی سارد لە قوڵایی زەریاکە بەرز دەبێتەوە بۆ ئەوەی جێگەی ئەو ئاوە گەرمە بگرێتەوە کە چووەتە رۆژئاوا.