پێنج لە کەسوکارەکەی ئەنفالکراون
بلوسێکی بۆ براکەی کڕی و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە دۆزیەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
حاجی ئەحمەد عەلی، پیاوێکی ریش سپی دانیشتوی ناحیەی رزگاریە، پێنج لە کەسوکارەکەی ئەنفالن، دوای ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان وێنەی ھەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەبینێت لە پارێزگای سەماوە، ھەمان ئەو بلوسە دەبینێت کە پێش پرۆسەی ئەنفال بۆ براکەی کڕیبووی.
حاجی ئەحمەد، لە رۆژی دوو شەممە 6.1.2025 لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفال رۆیشتنە سەردانی ئەو گوڕە بەکۆمەڵەی بەم دواییانە لە پارێزگای سەماوە ھەڵدرایەوە، بە 964ـى وت،”رۆیشتمە ئەوێ بە تیمەکەم وت ئەوروفاتە هی عومەری برای منە، وێنەی براکەمم نیشاندان کە ھەمان ئەو بلوسەی لەبەربوو خۆم بۆم کڕیبوو پێش پرۆسەی ئەنفال”.
“کە وێنەکەی عومەری برام نیشانی تیمەکەدا دەستیانکرد بە گریان، وتیان راستە ھەمان ئەو بلوسەیە، دواتر ھەر لە رێگەی جلوبەرگی ناو گۆڕە بەکومەڵەکە گەلاوێژی خوشکم و دایکمم دۆزییەوە کە جلێکی شین و رەشیان لەبەربوو ئەوکاتە” حاجی ئەحمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ”لەوێ سامپڵی خوێنیان لێم وەرگرت بۆئەوەی زیاتر دڵنیا ببنەوە کە ئەوانە دایک و خوشک و براکانی منن”.
وتیشی، ”پێنج لە کەسوکارەکەم ئەنفالن، ئێستا سیانیانم دۆزیوەتەوە، خوشک و براکەی دیکەم دیار نین لەوانەیە لەژێرەوەبن و جارێ دەرنەکەوتبن”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر