"پیسبوونی ژینگە و هەوای شار مەترسییەکی گەورەیە"
ئاماری تۆماركردنی شێرپەنجە لە هەولێر روو لەزیادبوونە
964+
محەمەد پیرباڵ – هەولێر
پیسبوونی ژینگە و هەوای شاری هەولێر قسەوباسی زۆری لەسەرە و بە مەترسییەکی گەورە دادەنرێت بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان، ئێستاش ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە لە شارەکە روو لە هەڵکشانە و رۆژانە 200 نەخۆشی شێرپەنجە، تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەر وەردەگرن.
د. هەردی جەواد بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی بە 964ـی وت، “رۆژانە 200 نەخۆش لە نەخۆشخانەکەمان چارەسەری کیمیاوی وەردەگرن و بەپێی ئامارەکانیش 30٪ـی نەخۆشەکان خەڵکی باشوور و ناوەڕاستی عێراقن”.
“رۆژانە کەیسی نوێ لە نەخۆشخانەکەمان دەخەوێندرێن، بۆ ئەوەی چارەسەریان بۆ بکرێت، یەکێک لە هۆکارەکانیش پیسبوونی ژینگە و هەوای شارەکەیە کە بەمەترسییەکی گەورە دادەنرێت”، د. هەردی وای وت.
هەروەها نەیشاردەوە کە ئاماری تووشبووانی شێرپەنجە روو لەزیادبوونە و بەشێک لەوانەش کە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەر وەردەگرن، منداڵن.
د. هەردی جەواد وتیشی، ئێستا لە چوار سەنتەر لە شاری هەولێر تووشبووانی شێرپەنجە چارەسەر وەردەگرن و نەخۆشخانەیەکی دیکەش بۆ چارەسەری تووشبووان دروست دەکرێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری