1380 توشبوو هەیە

لە سلێمانى دوو ساڵە هیچ تووشبوویەکى تالاسیمیا تۆمار نەکراوە

964+

وریا فەتاح

سەرەڕاى ئەوەى تەنیا لەناو سەنتەرى شارى سلیمانى 350 تووشبووى تالاسیمیا هەیە، بەڵام دوو ساڵە هیچ تووشبوویەکى نوێ تۆمار نەکراوە، سەرۆکى کۆمەڵەى تالاسیمیاش دەڵێت، پلانەکانیان سەرکەوتوو بوون.

لەسەر ئاستى پارێزگاى سلێمانى، 1380 تووشبووى تالاسیمیا هەیە، لەو ژمارەیە 350 تووشبوویان لەناو شارى سلێمانیدان

تووشبووانى تالاسمیا بەردەوام پێویستیان بە خوێنە، بە وتەى کۆچەر کەریم، سەرۆکى کۆمەڵەى تالاسیمیا کە بۆ 964 قسەى کردووە،”هەندێ تووشبوو لە یەک مانگدا دوو تا سێ جار خوێن وەردەگرن و حاڵەتى ئاساییش لە مانگێکدا یەک بوتڵ خوێن وەردەگرن”.

تووشبووانى تالاسیمیا لە دوو حاڵەتدا خۆیان دەبیننەوە، هەیانە حاڵەتەکەیان قورسە و هەیانە ناوەندە، ئەوانەى تووشبووى قورسن زۆر جار دەرهاویشتەى نەخۆشییەکەیان بە شێوەیەکە کە کاریگەرى لەسەر گورچیلە و جگەر و ئێسقانیان دروست دەبێت، وەک ئەوەى کۆچەر کەریم باسى دەکات، ئەوانەى حاڵەتەکەیان قورسە، پێویستیان بە چاودێریى بەردەوام و وەرگرتنى دەرمان هەیە بە بەردەوامى.

کۆچەر کەریم:
نەخۆشى تالاسیمیا هەیە، هەفتانە تێچووى تەندروستى و پشکنینەکانى 100 بۆ 150 هەزار دینارە

کۆچەر کەریم دەڵێت، “سەنتەرى تالاسیمیاى سلێمانى، خوێن و هەموو ئەو دەرمانانەى پەیوەستن بە چارەسەرى تالاسیمیا، بەبێ بەرامبەر بۆ تووشبووانى دابین دەکات، بەڵام هەندێ تووشبوومان هەیە، کاریگەریى نەخۆشییەکە لەسەر جگەر و گەدە و ئێسکى دەرکەوتووە، ئەو حاڵەتە ئەگەر لە نەخۆشخانەى حکومى چارەسەر نەکرێت، ناچار دەبێت لە نەخۆشخانەى تایبەت چارەسەرى بۆ بکرێت، ئەوەش بارقورسییەکى زۆرە لەسەر شانى نەخۆشان”.

لە بارەى تووشبووى نوێى تالاسیمیا، سەرۆکى کۆمەڵەى تالاسیمیا وتى، “خۆشبەختانە بەهۆى ئەو پلان و بەرنامەیەى دامانناوە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەکردنى و ئەو هۆشیارییەى لەسەرى بڵاو دەکرێتەوە، دوو ساڵە 2023 بۆ 2024، لە ناو سەنتەرى شارى سلێمانى، هیچ تووشبوویەکى نوێى تالاسیمیا تۆمار نەکراوە”.

بەردەڕەش زۆرترین تالاسیمیای هەيه و بێ سەنتەریشە

بەردەڕەش زۆرترین تالاسیمیای هەيه و بێ سەنتەریشە