بە فڕۆكەی F16
ژمارەیەک چەكدار لە چیای حەمرین بۆردومان كران و كوژران
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆكەی جۆری F16 لە چیای حەمرین بۆردومانی مۆڵگەی چەكدارانی داع*ش* كراوە و بە دەیانیان لێ كوژراوە.
شانەكە لە راگەیاندراوێكدا درەنگانی شەوی رابردوو ئاشكرای كرد، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هێزەكانی هەواڵگریی عێراق لە چەند ناوچەیەكی جوگرافیی زەحمەت، هەڵمەتی راوەدوونانی چەكدارانی داع*ش*یان درێژەپێدا و دوای بەدەستهێنانی زانیاریی ورد لە دەزگای دژەتیرۆر و بە پاڵپشتیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بە هۆی فڕۆكەی F16 بۆردومانی چەند مۆڵگەیەک لە زنجیرە چیای حەمرین كرا لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكدا.
لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، “چەند پەناگە و مۆڵگەیەكی مەفرەزەكانی داع*ش* لە ئەشكەوتەكانی چیای حەمرین وێران كران و ژمارەیەك چەكداریشیان لێ كوژرا”.
شانەی ئەمنی ژمارەی كوژراوەكانی ئەو چەكدارانەی بە وردی باس نەكردووە، بەڵام ئاماژە بەوەدەكات، ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی ئەو چەكدارانە بەردەوام دەبێت.