عەلوەی کەلار
کولەکە و خەیاری ھاوردە بەھۆی بەرزیی رێژەی نیترات دەستیان بەسەردا گیرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لە تاقیگەی پشکنینی بەرھەمەکان لە عەلوەی کەلار، بڕی 15 تۆن کولەکە و خەیاری ھاوردە بەھۆی بەرزی رێژەی نیترات، لە پشکنین دەرنەچوون و دەستیان بەسەردا گیرا.
ئەم کارە لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا کراوە و ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو بەرھەمانە لە دەروازە سنوورییەکانەوە ھاوردە کراون و لە پشکنینی دەروازەکاندا تێپەڕیون.
محەمەد کێخوا زەند، بەڕێوەبەری تاقیگەی کۆنتڕۆڵی جۆریی بەروبوومی کشتوکاڵیی گەرمیان، لە عەلوەی کەلار بە 964ى وت، “چەند بارھەڵگرێک لە کولەکە و خەیار ھاتنە عەلوەی کەلار بۆ ئەوەی ساغبکرێنەوە، بەڵام پێش رێگەپێدان پشکنین بۆ بەرھەمەکان دەکەین، بینیمان رێژەی نیترات تێیاندا لە رێژەی ئاسایی خۆی زیاترە”.
“دەستمانگرت بەسەر ھەردوو جۆرە بەرھەمەکە، بە ھەردووکیانەوە نزیکەی 15 تۆن دەبوون، لە رێگەی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی کەلارەوە کولەکە و خەیارەکە لەناوبران”، محەمەد کێخوا زەند وای وت.
لە بارەی ئەوەی ئەو بەرھەمانە لە دەروازەکانەوە ھێنراون چۆن لە پشکنین دەرچوونە و رێگەیان پێدراوە بھێنرێن کوردستانەوە، محەمەد کێخوا زەند وتی: “نازانین لە مەرزەکان چ جۆرە پشکنینێک بۆ بەرھەمەکان دەکرێت، بەڵام ئێمە راستەوخۆ پەیوەندیمان بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە ھەیە و پشکنینەکان ئەوان بۆیان دیاریکردووین”.
ئاشکراشی کرد، رێژەی ئاسایی نیترات لە کولەکە و خەیار دەبێت 400 بێت، بەڵام ئەو بەروبوومانەی دەستیبەسەردا گیراوە، نیتراتی خەیارەکە نزیکی 700 بووە و نیتراتی کولەکەکەش نزیکی 570 بووە.
ستار عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ى وت، “لە مەرزی پەروێزخان تەنیا پشکنینی فیزیایی بۆ بەروبوومە کێڵگەییەکان دەکرێت، دەرکەوتنی رێژەی نیترات پێویستی بە پشکنینی کیمیاییە”.
” لەھەوڵداین لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوەی کاری کۆمپانیاکانی پشکنینی بەروبوومە کێڵگەییەکان لە دەروازەکان و عەلوەکان یەکبخرێن لە رێگەی سیستمێکەوە ئاگایان لە کار و پشکنینەکانی یەکتر بێت”.
"لە عەلوەی کەلار بەرھەمی ھاوردە بە ناوخۆیی تۆمارکراوە"
نیترات چییە و كاریگەری لەسەر سەوزە و میوە چییە؟
بە پێی شیكردنەوە زانستییەكان، كە لە ماڵپەڕە زانستییەكان بڵاوكراوەتەوە، نیترات ماددەیەکی کیمیاییە کە لە سروشتدا (خاک،ئاو،هەوا) و خۆراک و لاشەی مرۆڤدا بوونی هەیە و لە ئەنجامی سوڕی نایترۆجین دروست دەبێت لە ژینگەدا.
ئەم ماددەیە بە یەکێک لە گرنگترین پێداویستییە سەرەکییەکانی گەشەی رووەک هەژمار دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە (ئاو، پەینی کیمیایی، پەینی سروشتی) هەروەها لە پاشماوەی رووەکی تر لە خاکدا هەیە
ماددەكە وەک خۆی کێشەی تەندروستی نییە، بەڵام کاتێک دەگۆڕێت بۆ پێکهاتەی کیمیایی دیكە، مەترسی دروست دەکات، کاتێک بە بڕی زیاد لە پێویست دەچێتە ناو لەشەوە، بە تێپەڕبوونی کات کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هەربۆیە گرنگە پشکنین بۆ ماددەی نیترات بکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە تەندروستی و سەلامەتی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانەی کە مرۆڤ بەکاریان دەهێنێت ئەمەش لە پێناوی پاراستنی لەو مەترسییانەی کە بە هۆی نیتراتەوە دروستدەبن وەک: توشبوون بە نەخۆشییەکانی گەدە، شێرپەنجەی گەدە و کۆڵۆن، تەنگەنەفەسی لە لاوان و گەنجان، شینبوونەوەی کۆرپەلە و منداڵی تازەلەدایکبوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا
عەلوەی کەلار
بەتۆمەتی کەمتەرخەمی لە دزرانی مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان
ئەفسەرێک و دوو پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە دوو مانگ زیندانی سزا دران
دڵشاد بە ماتۆڕێكەوە لە بازاڕی كەلارە
ناتوانێت لەسەر قاچەكانی بڕوات و سەختییەكانی ژیانی لە كۆڵ كردووە
بازاڕ بە رووباوری سیروان دەبەستێتەوە