"هیچ گرێبەستێكمان نییە"
عێراق: نەوتمان بۆ سوریا نەناردووە تا رایبگرین
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی “سۆمۆ” دەڵێت، هیچ بڕەنەوتێكمان بۆ سوریت نەناردووە تا ئێستا رایبگرین.
سۆمۆ ئەمڕۆ یەكشەممە 5.1.2025 رەتیکردەوە، هیچ بڕەنەوتێكیان بۆ سوریا ناردبێت و ئەو هەواڵانەیان رەتكردەوە، كە هەندێک میدیاکان سەبارەت بە راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ سوریا بڵاویانکردەوە.
كۆمپانیای سۆمۆ لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، راستییەكەی هیچ هەناردەیەکی نەوت بۆ سوریا نەبووە تا رایبگرن، هەروەها هیچ گرێبەستێکی نەوتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە.
سۆمۆ دەڵێت، هەندێک لە میدیاكان زانیارییان لەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ سوریا بڵاوکردەوە، بەڵام دووپاتی دەکەینەوە هیچ گرێبەستێک لەگەڵ لایەنی سوریادا نییە بۆ دابینکردنی نەوتی خاو بۆ ئەوان، هەربۆیە هیچ هەناردەیەکی نەوتی خاویان بۆ نەکراوە.
كۆمپانیاكە داوا لە میدیاکان دەكات پێویستە دڵنیابن لە دروستیی زانیارییەکان پێش بڵاوکردنەوەی و لە سەرچاوە فەرمییەکە زانیارییەكان وەربگرن.