بازرگانی هەرێم ئاماری ساڵی 2024ی راگەیاند
هاوردەی ئۆتۆمبێل زیادی کردووە؛ سزای چەندین شوێنی بازرگانی دراوە
964+
ئەحمەد مستەفا
ساڵی رابردوو، سێ هەزار و 300 سەرپێچی لەلایەن لیژنەكانی چاودێری بازرگانیی تۆمارکراوە و بەبڕی 490 ملیۆن دینار، سزای جۆراوجۆری ئەو شوێنانە دراوە، کە پابەند نەبوون بە رێنماییەکانەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئاماری سەردانی و تۆمارکردنی سەرپێچی لەلایەن چاودێری بازرگانییەکانەوە بۆ میدیاکان ئەمڕۆ یەکشەممە 5.1.2025 قسەی کرد و وتی، لە ساڵی 2024، 51 سەردان کراوە بۆ ئەو شوێنانە بازرگانییانەی رێگەپێدراون و سێ هەزار و 300 سەرپێچی لەلایەن لیژنەكانی چاودێری بازرگانیی تۆمارکراوە.
لەو سەردانانەدا، 630 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرا گیراوە و لەناوبراوە، بەبڕی 490 ملیۆن دینار، سزای جۆراوجۆری ئەو شوێنانە دراوە، کە پابەند نەبوون بە رێنماییەکانەوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی رابردوو 924 مۆڵەتمان بۆ هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل داوەتە بازرگانان و 171 هەزار و 952 ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێم کراون، لەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2013 زیاتر لە 50 هەزار ئۆتۆمبێل زیاتر هاوردە کراوە، بەوپێیەی لەو ساڵەدا 122 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەکرابوون.
دەربارەی پسوڵەی خۆراک وتی، پسوڵەکانی خۆراک دەکرێن بە ئەلیکترۆنی و هاوڵاتییان و بریکارەکان ئەپڵیکەیشنێکیان بۆ دروست دەکرێت، لەو رێگەیەوە
هاوڵاتی دەتوانێت بزانێت چ ماددەیەک هاتووە و ئەگەر هاوڵاتی “ئۆکەی” لەسەر ماددەکە نەکات لای بریکارەکە دەمێنێتەوە.
دەشڵێت، هەر لەڕێگەی ئەو ئەپڵیکەیشنەوە هاوڵاتی دەتوانێت زیادبوون و کەمبوونی منداڵ تۆماربکات، لە رێگەی ناردنی کارتی نیشتمانیی منداڵەکەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و راستەوخۆ منداڵە نوێیەکە لەسەر فۆرمی خۆراک زیاد دەکرێت، بۆ مردووانیش بەهەمان رێگا لە فۆرمەکە لادەبرێن.