کامێرای ئایفۆن رکابەرییەکی دروست کردووە
سامسۆنگ و سۆنی کێبڕکێ لەسەر نزیکبوونەوەیان لە ئەپڵ دەکەن
964+
رێبین هۆشیار
چەند ساڵێکە کۆمپانیای ئەپڵ هەستەوەرەکانی (سێنسەر) کۆمپانیای سۆنی بەکاردەهێنێت بۆ کامێرای ئایفۆنەکانی.
کۆمپانیای سۆنی وەک تاکە رکابەر و بەشێوەیەکی تایبەت هەستەوەرەکان بۆ ئایفۆن دروست دەکات، بەڵام کۆمپانیای سامسۆنگ دەیەوێت بێتە نێو رکابەرییەکە و کۆتایی بە قۆرخکاری سۆنی بهێنێت.
سامسۆنگ بەڵێنی داوە، هەستەوەرە نوێیەکانی توانای پڕۆسێسکردنی وێنەیان خێراتر بێت و لابردنی نۆیزیش دەبەنە ئاستێکی بەرزتر، تا ببنە بژاردەیەکی بەهێز لە بازاڕەکە و کۆتایی بە قۆرخکاری سۆنی بهێنێت.
سەرچاوە دزەپێکەرەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کۆمپانیای سامسۆنگ بەشێوەیەکی ورد و داهێنەرانە کار لەسەر هەستەوەرە (سێنسەر) نوێیەکەی دەکات کە 500MPـە، بۆ ئەوەی ببێتە رکابەرێکی سەرسەختی سۆنی، ئامانجیشیان ئەوەیە هەستەوەرەکەیان ببێت بە بەشێک لە ئایفۆنەکانی داهاتوو.
ئەم هەنگاوەی سامسۆنگ لە بەرەوپێشبردنی هەستەوەرەکەی، دەتوانێت ستراتیژی کۆمپانیای ئەپل بگۆڕێت بۆ دابینکردنی پارچەی ئایفۆنەکانی، هەروەها پڕۆسەی وێنەگرتن و فۆتۆگرافی لە مۆبایلە زیرەکەکاندا بباتە ئاستێکی بەرزتر.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری