بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران:
سایدێکی پردەکەی گەلی عەلی بەگ کرایەوە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
یەک سایدی پردەکەی گەلی عەلی بەگ بە فەرمی بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە.
کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران رایگەیاند، ئێستا شۆفیران دەتوانن سایدی چوونی سۆران بۆ هەولێر بەکاربهێنن و ریگەکە کراوەیە.
بەکر رەشید، خاوەنی ئەو کۆمپانیایەی کار لە چاککردنەوەی پردەکە دەکات بە 964ـی وت، هۆکاری بەکارهێنانی جەگ بۆ بەرزکردنەوەی پردەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شوێنەکەی بەرتەسک بوو، وە پردەکە بەردەوام لە دابەزیندابوو، بۆیە نەماندەتوانی کرێن بەکاربهێنین چونکە دەبووە هۆی پچڕانی بورغییەکانی و داڕمانی تەواوی پردەکە و یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بۆ سەلامەتی دەگەڕێتەوە، نەماندەتوانی هیچ رێگەیەکی دیکەی لەگەڵ بەکاربهێنین.
وتیشی، دڵنیایی دەدەینە شۆفێران کە پردەکە بە تەواوی سەلامەتە بۆ بەکارهێنان و هیچ مەترسییەک نییە و بێ کێشە دەتوانن هاتوچۆی بەسەردا بکەن.
بەرەبەیانی هەینی رابردوو، بارهەڵگرێک کە بە ئاراستەی سۆران دەهات، خۆی کێشا بە پردەكەی رێگای گەلی عەلی بەگ، بەهۆیەوە بەشێکی پردەکە تێکشکا و هاتوچۆش لەم رێگایەدا داخرا.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر