تۆێژینەوەیەكی نوێ
قاوە بخۆنەوە و تەمەنتان درێژ دەبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
توێژینەوەیەک کە زانایانی زانکۆی کۆیمبرا لە پۆرتوگال ئەنجامیانداوە دەریانخستووە خواردنەوەی قاوە رۆژانە یارمەتی درێژکردنەوەی تەمەن دەدات.
زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە رێژەی دانیشتوانی جیهان کە تەمەنیان لە 65 ساڵ و سەرووترە، بەردەوام لە زیادبووندایە، هەروەها ژمارەی بەساڵاچووان لە ساڵی 2022ەوە بۆ 2050 بۆ رێژەی 16% بەرز دەبێتەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە لای زانایان، ئەم زیادبوونە تەنیا هۆکارەکەی بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان باشتر پێشکەش دەکرێن، بەڵكو بەشێكی بۆ خواردنەوەی قاوە دەگەڕێتەوە.
زانایانی زانکۆی کۆیمبرا روونیان کردەوە کە لە میانی توێژینەوەکەیاندا داتای 85 توێژینەوەی پێشوویان شیکردووەتەوە، کە سەدان هەزار دانیشتووی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و باشوور، ئوسترالیا و ئاسیایان لەخۆگرتووە و ئامانجیش ئەوە بووە بزانن قاوە چۆن کاریگەری لەسەر تەندروستی و رێژەی مردن هەیە، لەمەدا بۆیان دەرکەوتووە خواردنەوەی 3 فنجان قاوەی رۆژانە، تەمەنی مرۆڤ زیاد دەکات تا 1.84 ساڵ.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئەوانەی رۆژانە قاوە دەخۆنەوە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییە مەترسیدارەکان کەمترە.
هەروەها لە ئەنجامی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، قاوە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاراستنی کارەکانی زۆرێک لە سیستمی لەش، وەک کۆئەندامی ماسوولکە و دەمار، سیستمی بەرگری بەهێز دەکات، هەروەها رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، خوێنبەرەکان، شێرپەنجە، جەڵتەی مێشک، شەکرە و خەمۆکی كەمدەكاتەوە.
زانای بواری دەمار رۆدریگۆ کونیا رایگەیاند، خواردنەوەی قاوە بە رێژەیەکی مامناوەند، یارمەتیدەرە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو میکانیزمە بایۆلۆژیانەی کە لەگەڵ تەمەندا خاو دەبنەوە و تێکدەچن و دەبێتە هۆی کۆمەڵێک نەخۆشی، بەڵام ئەوەش دەڵێت، کاریگەرییەکانی خواردنەوەی قاوە لەسەر جەستە بەپێی تەمەن جیاوازە.