هەردوو جەمسەری شار
ئەم هەفتەیەش ناوچە پیشەسازییەكانی هەولێر پاككرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
هەردوو ناوچەی پیشەسازیی باكوور و باشووری هەولێر، ئەم هەفتەیەش لە لایەن شارەوانیی هەولێرەوە پاككرانەوە و ئیشەكەش بووەتە رۆتینی هەفتانە.
سەرەڕای ئەوەی پشووی فەرمییە، بەڵام خۆ جەماعەتی ژینگەپارێزی پشوویان نییە و هەردەبێت لە كاردابن، ئەگەر نا شار بە بن زبڵ و خاشاك دەكەوێت، بۆیە لە درێژەی كارەكانیان تیمی لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزیی هەولێر، رۆژی هەینی هەڵمەتی پاککردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانی هەردوو ناوچەی پیشەسازیی باکوور و باشووریان ئەنجامدرا و بە دەیان تۆن زبڵ و پاشماوە كۆكرانەوە و ناوچەكان پاككرانەوە.
شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، هەموو رۆژانی هەینی بەهۆی ئەوەی سەناعە نییە و وەستا و فیتەرەكان لە ماڵەوەن، تیمەكانیان پێدادێن و هەرچی زبڵ و پیسی هەیە لە هەردوو ناوچە پیشەسازییەكە، كە دەكەونە هەردوو جەمسەری باكوور و باشووری هەولێر، پاكدەكرێنەوە و بۆ ئەم كارەش شۆفڵ و قەللاب و بۆب کات و هێزی مرۆیی ژینگەپارێزان دەخرێنە كارەوە.