لە خودا پاڕانەوە باران ببارێنێت
لە کۆیە نوێژە بارانە ئەنجامدرا
964+
گۆڤەند فەتاح- کۆیە
بە بەشداری هەزاران کەس لە هاوڵاتییانی قەزای کۆیە، سوننەتی نوێژەبارانە ئەنجامدرا، موسوڵمانان لە خودا پاڕانەوە بارانیان بەسەردا ببارێنێت.
بەهۆى دواکەوتنى باران، بەشێک لە هاوڵاتیانى کۆیە روویان لە یاریگاى دارا عەبدولوەهاب کرد و بە کۆمەڵ نوێژە بارانەیان ئەنجامدا، لە خودا دەپاڕانەوە و داوایان دەکرد بارانیان بۆ ببارێنێت.
هەر ساڵێک باران بارین دوابکەوێت یان نەبارێت، وەک سوننەتێکى ئیسلام، موسوڵمانان نوێژە بارانە ئەنجام دەدەن و دەستەکانیان بەرز دەکەنەوە و نزا و پاڕانەوە ئەنجام دەدەن.
هاشم عەبدوڵڵا، مامۆستای ئایینی و سەرپەرشتیاری نوێژە بە کۆمەڵەکەیە، بە 964ـى وت، بە پێی سوننەتی پێغەمبەری ئیسلام هەر کاتێک باران نەبارێت سوننەت وایە ئەو نوێژە ئەنجام بدرێت و بە کوڵ و گریان داوا لە خوا بکرێت بارانیان بەسەردا ببارێنێت، چونکە بە پێی قورئانی پیرۆز، ئاو و باران سەرەکیترین پێداویستیی مرۆڤە لەسەر زەوی.
ئەو مامۆستا ئایینییە ئاماژەی بەوەشدا، هەر جارێک کە باران درەنگ بکەوێت موسڵمانان دەتوانن ئەو نوێژە ئەنجام بدەن، تەنانەت ئەوە دووەم جارە لە شارى کۆیە ئەو سوننەتە ئەنجام بدرێت لە مساڵدا.
هەر ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکى دیکە کوردستان، نوێژە بارانە ئەنجامدرا.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح