بە ئارەزووى خۆتان راوى بکەن
عێراق رێگە بە راوچیان دەدات بۆ راوکردنى جۆرە ماسییەک
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق، بیرى لەوەکردووەتەوە رێگە بدات بە راوچیان بۆ راوکردنى ماسى تیلاپیا، چونکە پێیان وایە ماسییەکە زیانى هەیە و خواستى لەسەر نییە.
حاتەم فەیسەڵ، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیى بەشى سامانى ئاژەڵان بۆ کاروبارى ماسى قسەى بۆ ئاژانسى دەنگوباسى عێراق کردووە و وتویەتى،”لەئێستادا سێ جۆرى ماسى تیلاپیا لە ئاوەکانى عێراقدا بڵاوبوونەتەوە، بەتایبەت لە ئاوە گەرمەکانى باشور کە زۆرترین کێشى نزیکەى 400 گرامە”.
وەک باسى دەکات، ئەو جۆرە ماسییە لە عێراقدا خواستراو نییە، لە ساڵێکیشدا چوار جار زاوزێ دەکات و زیانى بۆ ژینگە هەیە و بەهۆى زۆرى زاوزێ کردنەوە بە خێرایى بڵاو دەبێتەوە و دەبنە مەترسى بۆسەر زیندەوەرەکانى دیکە بەتایبەت بۆ کۆکردنەوەى خۆراک.
“بۆ کەمکردنەوەى ئەو جۆرە ماسییە، بیر لەوە دەکرێتەوە مۆڵەت بدرێت بە خەڵک بۆ راوکردنیان و دروستکردنى تۆڕى تایبەت بۆ راوکردنى، بۆ ئەوەی بكرێتە (پرۆتینی ماسی) و سوودی لێ وەربگریێتەوە”، حاتەم فەیسەڵ واى وتووە.