یەکێتی زانایان: کەلێنێکی گەورەیە
ساڵی رابردوو 44 زانا و مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بە گوێرەی حسابی یەکێتی زانایانی ئاینی هەرێمی کوردستان بێت، “ساڵی 2024 لە هەرێمی کوردستان 44 زانا و مامۆستایی ئاینی، کە لە مزگەوت و بۆنەکان لەگەڵ خەڵک بوون، کۆچی دواییان کردووە”.
یەکێتیەکە لە بارەی تەمەن و بەرپرسیارێتی رێکخراوەیی وردەکاری ناخەنەڕوو؛ بەڵام وێنەکانیان بڵاوکراوەتەوە و دەردەکەوێ زۆرینەیان زانا و مامۆستای بە ئەزموونن و کەسایەتی ناسراویان تێدایە، لە ئاستی خۆجێی ناوچەکانیان و هەرێمی کوردستان ناسراون.
ئەمرۆ چوارشەممە 1.1.2025، راگەیاندنی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی هەریمی کوردستان، ئاماری زانا و مامۆستایانی ئایینی کۆچکردوو لە ساڵی 2024 بڵاوکردەوە، ئەوانەی لەلای ئەوان وەک ئەندام و مامۆستای یەکێتییەکە خزمەتیان هەیە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ساڵی 2024 دا، 44 زانا و مامۆستای ئایینی کۆچی دواییان کردووە، یەکێتیەکە دەڵێت، “بۆ هەر یەکێکیان یەکێتی زانایان پرسە و هاوخەمی بۆ خانەوادە و کەس و کاریان گەیاندووە”.
یەکێتی زانایان باسی لەوەکردووە، “لە دەستدانی زانایانی ئایینی کەلێنێکی گەورەیە لە کاروانی خزمەتی ئیسلام و موسڵمانان، وە پڕکردنەوەی شوێنیان ئاسان نیە”، ئومێد دەکەن زانایان لەشساغ بن و ئەوانەی کۆجی دواییان کردووە، خودای گەورە بە بەهەشتی بەرین شادیان بکات.
دیمەنی زانا و مامۆستا کۆچکردووەکان؛