14 فڕۆکەش بەکارهاتووە
هاوپەیمانان 233 بارهەڵگر چەکیان بردووەتە رۆژئاوای کوردستان
964+
ژووری هەواڵ
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە مانگی رابردوودا بە 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و 14 فڕۆکەی بارهەڵگر، چەک و کەرەستە و پێداویستیی سەربازیی رەوانەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا کردووە.
روانگەکە بڵاویشیکردووەتەوە، هاوپەیمانان لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی لەڕێگەی زەمین و ئاسمانەوە چەک و کەرەستەی سەربازی و زرێپۆشیان بۆ بەهێزکردنی بنکەکانیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا گواستووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، چەک و کەرەستە سەربازییەکان بە زۆری رەوانەی بنکەکانی خەرابەجیر لە نزیک ناوچەی رمێلان لە باکووری حەسەکە، بنکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە، کێڵگەی نەوتیی عومەر و کێڵگەی گازی کۆنیکۆ لە دێرەزۆر کراون.
هاوپەیمانان لە دەروازەی سنووریی وەلید و لە هەرێمی کوردستانەوە بە 233 ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و 14 فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازی لە ئاسمانەوە، سەرباز، زرێپۆش، چەکی قورس، ئۆتۆمبێلی سەربازی، کەرەستەی جۆراوجۆری سەربازی، تانکەری سووتەمەنی، پێداویستیی سەربازی، لۆجستی و پزیشکییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان
هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەیلولی ساڵی 2014ەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش رۆیشتوونەتە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و ژمارەیەک بنکە و بارەگایان کردووەتەوە و لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.