نوێنەری خۆپێشاندەران: بەڵێنی چارەسەریان داوە

خراپیی دۆخی كارەبای پێنجوێن نیگەرانی دروست كردووە

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

ماوەی هەفتەیەکە لە قەزای پێنجوێن بە شێوەی رۆژانە و بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر کارەبا دەبڕێت، هەندێ جاریش دەگاتە نزیکەی نۆ کاتژمێر، هاوڵاتیانی قەزاكە نیگەرانن و رێكخەری خۆپێشاندانەكانیش ئاشكرای كرد بەڵێنیان پێدراوە چارەی كارەبا بكرێت..

جەمال سەعید بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی دۆخی کارەبا لە سەرجەم هەرێمی کوردستان خراپە و لەگەڵ ئەوەش خواست بەرزبووەتەوە.

وتیشی، ئێستا لە رێگای بەشی کۆنتڕۆڵەوە بەهۆی زۆری فشار و بەرزبوونەوەی خواستەوە، داوای کوژاندنەوەی بەشێکی کارەبای پێنجوێن دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، رێژەی بەکارهێنانی کارەبا لە پێنجوێن، رۆژانە 48 بۆ 50 مێگاواتە و بەراورد بە هاوین 15 مێگاوات بەکارهێنانی کارەبا زیادی کردووە .

هاوکات باسی لەوەش کرد، بڕینی کارەبای قەزاکە بۆ ئەوەیە کوژانەوەی گشتی (شەت داون) روونەدات و ئەگەر بەهۆی زۆری فشارەوە ئەوە رووبدات، ئەوا هەڵکردنەوە و رێکخستنەوەی کارەبا زۆر سەخت دەبێت و کاتێکی زۆریشی دەوێت.

بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا لە پێنجوێن، جەمال سەعید پێشنیاری ئەوەی کرد، جارێکی دیکە کارەبای قەزاکە بخرێتەوە سەر وڵاتی ئێران و لەمبارەشەوە وتی، “ئەو کارە بە رێککەوتن دەکرێت لە نێوان حکومەتی هەردوو وڵات، بەڵام کۆتایی بە کێشەی بڕینی کارەبا دێت لە قەزاکەدا”.

لە لایەكی دیكە جەزا تاژانی، ئەندامی دەستەی رێکخەری خۆپیشاندانەکان بە 964ی راگەیاند، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکەیان وەرگرتووە و چاوەرێن کۆتایی بە بڕینی کارەبا بهێندرێت لە قەزاکە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا